هەڤپەیڤینی کوردستان24 لەگەڵ دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی لە بەرنامەی دیدەڤان

دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی لە بەرنامەی دیدەڤان
دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی لە بەرنامەی دیدەڤان

K24 - هەولێر:

دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، راوێژکاری پێشووی سەرۆککۆماری عێراق، لەماوەی کارکردنی وەک راوێژکار لە سێ خولی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، چەندین رووداو و پرسی گرنگ دەگێڕیتەوە کە لەو ماوەیەدا لە عێراق روویداوە، ناوبراو کردوویەتی بە کتێبێک لەژێر ناونیشانی لەپشت پەردەی بڕیارەکانەوە (خلف ستائر القرار)، هاوکات لە بەرنامەی دیدەڤانی کوردستان24 پوختەی بەشێک لەو رووداوانەی کە لەناو کتێبەکەی باسی کردووە دەخاتەڕوو و وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە.

کوردستان24: لە سەروبەندی داگیرکردنی مووسڵ، هەتا دەگاتە تکریت و روومادی لەو کاتەیە هێزی پێشمەرگە دەچێتە ناو کەرکووک، دوو پرسیارت ئاراستە دەکەم، یەکەمیان ئایا هێزی پێشمەرگە بەشێکە لە سوپای عێراقی؟، پرسیاری دووەمیان دەرفەتیان قۆستووەتەوە یان رێکەوتێک هەبووە بۆ ئەم شتە؟

دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی: بەڵێ، هێزی پێشمەرگە بەشێکە لە سوپای عێراقی، خۆی لە راستیدا بێت من لەو کتێبەدا باسم کردووە، پێشمەرگە مافی خۆیەتی لە بەسرەوە تاوەکو زاخۆ لە هەر شوێنێک پێوست بکات جێگیر بکرێت، هەروەها سوپای عێراقیش بە هەمان شێوە، لەکاتی هێرشی داعش و داگیرکردنی زۆرینەی ناوچەکانی عێراق، مەترسییەکی زۆر گەورە کەوتە سەرکەرکووک، بۆ ئەوەی بیرە نەوتییەکانی دەستی بەسەردا نەگیرێت، لە کاتێکدا سوپای عێراق لە کەرکووکدا نەمابوو، هەروەها سوپای عێراق لە قۆناغی پاشەکشەدابوو بوو، ئەو کاتی بەڕێوەبەری نووسینگەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق کە ناوی دکتۆر حامد بوو، لەو کاتەدا دکتۆر حامد پەیوەندی دەکات بە قیادەی کوردییەوە، بە جەنابی سەرۆک بارزانی رادەگەیەنێت و دەڵێت: سەرۆکوەزیران نووری مالیکی دەڵێت بۆ ئەوەی کەرکووکمان لە دەست نەچێت با هێزی پێشمەرگە بێتە ئەو ناوچەیە، هەروەها پێشمەرگە گەیشتە ناو شاری کەرکووک و پێشمەرگە بەرگری لە کەرکووک کرد، نەیهێشت بکەوێتە دەست تیرۆرستانی داعش، ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە کەرکووک لەلایەن داعشەوە داگیردەکرا، ئەمە بەڵگەی یەکەم، بەڵگەی دووەم ئەوەبوو کاتێک حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق هاتە سەر حکوم، دکتۆر فوئاد حوسێن، کە ئێستا وەزیری دەرەوەی عێراقە، کەسێکی راستگۆ و ناسراوە و داکۆکیکاری کوردە، ئەوەندەی من شارەزای بم کە لە یەکتر نزیکین لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق،  دکتۆر فوئاد حوسێن گوتی: "لە مانگی نۆی ئەوکات گەشتی شاری نیویۆڕکی ئەمەریکامان کرد بەمەبەستی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، منیش نوێنەری هەرێمی کوردستانم دەکرد لەوێدا، شاندەکەی کە چووین بۆ ئەو شاری نیویۆڕک من بووم، حەیدەر عەبادی بوو، سادق رەکابی، راوێژکاری عەبادی بوو لەگەڵ لوقمان فەیلی، باڵیۆزی عێراق بوو لە ئەمەریکا، حەیدەر عەبادی داوایەکی لێکردم گوتی ئەگەر بە سەرکردایەتی سیاسی کورد رابگەینیت بۆ ئەوەی بۆری نەوتی کەرکووک لەگەڵ بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکدی ببەستنەوە بۆ ئەوەی هەناردەکردنی نەوتەکە رانەوەستێت، لەو کاتەدا گوتم چیت گوت جەنابی عەبادی دوباەری بکەوە؟ گوتی کاتێک دووبارەی کردەوە ئەو قسەیە کە هەناردەی نەوتەکە رانەوەستێت لەو کاتیدا سادق رەکابی دایە قاقای پێکەنین، لەبەرامبەردا حەیدەر عەبادی پێی گوت بۆچی پێدەکەنی؟ رەکابیش لە وەڵامدا گوتی، وامەزانە بەڕێز فوئاد حوسێن لەو قسەیە تێناگات، لێت تێگەشتووە بەڵام تەنیا ویستی تۆ بۆی دووبارە بەکەیتەوە".

کوردستان24: ئایا بۆ بە نووسراو ئەو داوایەیان لە سەرکردایەتی کورد نەکرد؟

دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی: لەو کاتدا تەنیا بە زارەکی داوای لە دکتۆر فوئاد حوسێن کردبوو ئەویش پەیوەندی بە سەرکردایەتی سیاسی کورد کرد بۆ ئەوەی رەزامەندیان وەربگرێت.

کوردستان24: کەواتە چوونە ناوەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکووک و گواستنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆری نەوتی کوردستانەوە لەسەر رەزامەندی حکومەتی عێراق بوو؟

دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی: بەڵی هەمووی لەسەر رەزامەندی حکومەتی ئەوکاتی عێراق بوو، ئەوان خۆیان سەرەتا ئەو داوایەیان لە سەرکردایەتی سیاسی کورد کرد بۆ ئەوەی ئەم کارە ئەنجامبدرێت، من وەک سیاسی قسە ناکەم بەڵکو وەک کەسێکی ئەکادیمی قسە دەکەم کە راستییەکان باس دەکەم، ئەو کاتی زۆر لایەنی سیاسی کوردی هەستان یەکێتی و پارتیان تۆمەتبار کرد کە دەستیان بە فرۆشتنی نەوتی کەرکووک کرد، بەڵام لە راستیدا پرسەکە بەو شێوەیە نییە، بەڵکو حکومەتی عێراق خۆی داوای کردبوو نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە بکرێت، پێشمەرگە لەو شوێنانە لەو ناوچانە قوربانییەکی زۆریدا، ژمارەی ئەو پێشمەرگانەی کە لە شەڕی داعش شەهید بوون، بەپێی ئەو داتایەی کە لە جەبار یاوەر، کە ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی ئەو کات بوو رایگەیاند، زیاتر لە 1800 پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا شەهید بوون، جگە لە بریاندارەکان، ئێستا پێشمەرگە ئەو هەموو شەهیدەی داوە لە پێناوە رزگارکردنی خاکی کوردستان بە کەرکوویشەوە، ئینجا بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت لە کەرکووک ئەوە کەی رەوای هەقە!.

کوردستان24: ئایا سوپای عێراقی لە شەڕی داعشدا  سەربازی زۆر لێ بووە قوربانی؟

دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی:  سوپای عێراق ئەسڵەن لە شەڕی داعشدا بە رادەی پێشمەرگە سەربازی لێ نەبووە قوربانی، چونکە سوپای عێراق لەو کاتی لە پاشەکشەکردندابوو، حەشدی شەعبی لە بۆشایی نەمانی سوپای عێراق دروستبوون و هاتنە شوێنیان.

کوردستان24: دکتۆر هەر سەبارەت بە کەرکووک لەو کاتیدا بابەتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک دروستبوو، لە سەرەتادا بە شتێکی ئاسایی لە قەڵەمدرا، دواتر هەڵکردنی ئاڵای کوردستانیان لە کەرکووک بە تاوان و خیانەت لە قەڵەمدا، ئایا ئاڵای کوردستان ئاڵایەکی بڕواپێکراو نییە لە دەستووری عێراقدا؟

دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی: بابۆت باس بکەم بابەتی ئەو ئاڵای کوردساتانە چۆن دروستبوو، تورکمانێکی شیعەی خەڵکی دووزخورماتوو ئاڵایەکی کوردستانی گەورەی بردە کەربەلا، ئاڵاکەی لەسەر شەقام دانا کە ئۆتۆمبێل و خەڵک بەسەریدا تێپەڕدەبوون و لەو کاتییەوە خەڵکی ئەوێ قسەیان بەو ئاڵایە دەگوت ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کاردانەوەیەکی زۆر بەدوای خۆیدا بهێنێت، کە بووە هۆی ئەوەی لە کەرکووک ئاڵای کوردستان هەڵبکرێت لە زۆر شوێندا ئاڵای کوردستان هەڵکرا، بەڵام ئەوەی ئەو بابەتەی لەناو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گەورە کرد دوو وەزیر بوون، یەکیان حوسێن شارستانی بوو کە وەزیری خوێندنی باڵای ئەو کاتی بوو، ئەوەی دیکەیان ناوی عەبدولڕەزاق عیسا بوو کە وەزیری دارایی بوو سەردەمێک لە سەردەمەکان هەروەها دواتر بووە وەزیری خوێندی باڵا لەبری حوسێن شارستانی، هەروەها یەکێکی دیکەش کە ئەو بابەتەی گەورە کرد تورکمانێک بوو، کە نوێنەر بوو لەنێوان پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەویش بابەتەی زیاتر گەورە کرد و زیاتر ئاڵۆزی کرد. بەڵام من گومانم هەی خودی حەیدەر عەبادیش دەستی لەو کارەدا هەبووە، چونکە کاتێک ئەو پرسە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق باسکرا، عەبادی گوتی، من کارم هەیە دەڕۆم و بەڕێوەبردنی دانیشتنەکەی رادەستی وەزیری نەوت کرد. وەزیری نەوتیش پێدەچوو وانەی پێدرابێت لەسەر ئەو بابەتە و دەیویست بابەتەک گەورە بکات، فریاد رواندزی، وەزیری رۆشنبیری ئەو کاتیش گوتی، "ئەو پرسە پرسێکی سیاسییە نابێت بێتە ناو دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق". بەڵام ئەوان گوێیان پێنەدا و نووسراوێکیان دەرکرد، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیران بە هاوبەشی لەگەڵ ئەو کوڕە تورکمانەی کە نوێنەر بوو لەنێوان پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی وەزیران، نووسراوەکەیان ئامادەکرد، کە ئامادەیان کرد من هاتم بە وەزیرە کوردەکانم گوت ئاگاداربن ئەوان بابەتێکی ئاوایان ئامادەکردووە و دواتر لەسەرتانی دەسەپێنن، ئەگەر لەسەریشتانیان سەپاند ئێوە قبوڵی مەکەن. ئیدی کە نووسراوەکە خوێندراوە وەزیرە کوردەکان قبوڵیان نەکرد، بۆ هەفتەی داهاتوو  لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەیزرانی عێراقدا جارێکی دیکە حەیدەر عەبادی بابەتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستانی باسکرد و وەزیرە کوردەکانیش گوتیان، "نابێت ئەو پرسە بهێندرێتە ئەو کۆبوونەوەیە، چونکە ئەوە پرسێکی ئاساییە و ئاڵای کوردستان لە زانکۆی کەرکووک هەڵدراوە هیچ کێشە نییە".

کوردستان24: لە کتێبەکەت سەرنجم داوە لەسەر دکتۆر حوسێن شارستانی رایەکی نەرێنیت هەیە بۆچی؟

دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی: کە سەرەتا حکومەتی بەعس رووخا، لە عێراق گرنگییەکی زۆریان بە حوسێن شارستانیدا، کاتێک حوسێن شارستانی لە سەردەمی بەعسدا کاتێ لە زیندان رایکرد خەڵکی سلێمانی پاراستیان، بەڵام دواتر ئەو چاکانەی کوردی هیچ لەبەرچاو نەبوو، ئەسڵەن بووە یەکەمین بەربەرەکانیکەری کورد و دژی کورد وەستا.

کوردستان24: لە سەردەمی عەبادی و بابەتی داعش، ئایا گرتنەوەی مووسڵ بە دەستی ئەنقەست وای لێکرا؟ چونکە خۆرهەڵاتی مووسڵ کە زۆرینەی کوردە بە ئاسانی گیرایەوە، بەڵام لاکەی دیکەی مووسڵ وێرانکرا لەبەر چ؟

دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی: خودی حەیدەر عەبادی لەناو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بەر لەوەی مووسڵ ئازاد بکرێت، دەیگوت، "ئێمە شاری مووسڵمان پێ ئازاد ناکرێت ئەگەر پێشمەرگە هاوکارمان نەبێت". عەبادی هاتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبووەوە و گفتوگۆیان کرد، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پێیانی راگەیاندبوو کە لارییان نییە سوپا بێت و لێرەوە تێپەڕبێت.

کوردستان24: قەزای حەویجە لە پێش مووسڵە، بۆ سەرەتا حەویجە ئازاد نەکرا ئینجا مووسڵ؟

دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی: یەکێک لە قیادە بەرزەکانی عێراقی گوتی، "پیاوێک بووە هۆکار کە ئێمە سەرەتا حەویجە رزگار نەکەین و بەرەو مووسڵ بڕۆین و ئەوێ رزگار بکەین". من پێشبینی دەکەم بابەتی ئازادکردنی مووسڵ پێشنیاز کرابێت و تاکتیک بووبێت، هەروەها ئەوان دەیانزانی کە کورد بە ئاسانی کەرکووک جێناهێڵێت، چونکە ئەو هەموو شەهیدەی لەپێناو پارێزگاریکردن لە کەرکووک داوە.

کوردستان24: لە کتێبەکەت باستکردووە کە داعش چەکی کیمیاوی بەکار هێناوە ئایا ئەمە راستە یان تەنیا گوومانە؟

دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی: ئەمە راستییە کە داعش چەکی کیمیاوی بەکارهێناوە و خۆی دروستی کردبوو، جارێکیان لەناوچەیەکی مووسڵ بەکاریان هێنا ،بەڵام رێژەیەکی کەم بوو بۆیە کارگەرییەکی زۆری نەبوو، بەڵام جاری دووەم لە دووزخورماتوو داعش غازی خەردەلی بەکارهێنا، کاتێک ئێرانییەکان هاتن لەو ناوچەیە ئاشکرایان کرد کە بەڵی ئەو غازە خەردەلە بەکارهاتووە بەڵام رێژەیەکی زۆر کەمی لێ بەکارهاتووە، بەڵام چانسی  ئەگەر عەلی کیمیاویش نەماوە بەڵام هەر یەکێکیدی دروستبووەتەوە کە کیمیاوی دژمان بەکار بهێنێت.

کوردستان24: حەشدی شەعبی کاردانەوەیکی راستەوخۆی داگیرکردنی مووسڵ بووە لەلایەن داعشەوە، ئەمە پێت ناڵێت کە بە مەبەست مووسڵ داگیرکرا بۆ ئەوەی هەنگاوێکی وا بنرێت؟

دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی: کاتێک پڕۆژەیاسای دروستبوونی حەشدی شەعبی لەناو کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق باسی لێوەکرا، بەڕاستی نە وەزیرە سووننەکان، نە وەزیرە کوردەکان دژی نەبوون لەوەی بڵێن ئێمە یاسای پاسەوانی نیشتمانیمان هەیە، یاسای پاسەوانی نیشتمانی خودی سووننەکان پاشەکشەیان لێکرد، پاسەوانی نیشتمانی بریتی بوو، لە سوپایەکی سووننی کە هەر شارێکی عێراق پاسەوانی نیشتمانی خۆی هەبێت و بیپارێزێت، لە ئەنجامی ئەو پاشکشەیەی سوونە لە یاسای پاسەوانی نیشتمانی،  شیعەکان پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبیان هێنا ناو ئەنجوومەنی وەزیران و زۆر مشتومڕییان لەبارەوە نەکرد، لە پڕۆژەیاساکە هاتبوو کە دەبێت ژمارەی سەربازەکانی حەشدی شەعبی 100 هەزار سەرباز بێت، دواتر پڕۆژەیاساکەیان بردە پەرلەمانی عێراق، بەڕای من ئەو پڕۆژەیاسایە پەسەند نەدەکرا لە پەرلەمان، بەڵام هەندێک کەموکوڕی لەلایەن هەندێک ئەندام پەرلەمان هەبوو کە وایکرد ئەو پڕۆژەیاساییە پەسەند بکرێت و ببێتە یاسا.

کوردستان24: لە کتێبەکەت باست لەوە کردووە هەندێک ئەندام پەرلەمان رۆڵی سەرەکیان هەبووە لە تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی ئایا چۆن بوو؟

دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی: هاوڕییەکم هەیە ئێستا جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراقە، دۆستێکی زۆر نزیک و دێرینمە، پێشتر پێکەوە مامۆستای زانکۆ بووین، ئەو گوتی ،"کاتێک خوێندنەوە بۆ ئەو پڕۆژەیاسایە کرا، زۆربەی سووننەکان هاتنە دەرەوە  لە دانیشتنەکە ئامادەنەبوون، هەروەها کوردەکانیش هەندێکیان هاتنە دەرەوە، بەڵام هەندێکیان مانەوە لە دانیشتنەکەدا و بە دەنگی ئەم کوردانە حەشدی شەعبی دامەزرا، ئەو کوردانەی رۆڵیان هەبوو لە تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق، هەرئەوانە بوون لە هەموو کەس زیاتر دژی کورد لە پەرلەمان قسەیان کردووە".

کوردستان24: پێتوانییە ئەو پەرلەمانتارە کوردانەی کە دژی کورد بوونە لە پەرلەمانی بەغدا پاداشت کرابن و پارەیەکی زۆریان پێدرابێت لەسەر ئەم کارە؟

دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی: من بە گوێرەی ئەزموونی خۆم بڕواناکەم یەک پەرلەمانتاری کورد هەڕەشەی لێکرابێت و بەزۆری وایان لێکردبێت دژی کورد بوەستێتەوە، بەڵام پێموایە بڕیارەکانیان دژی کورد لەبەرامبەر ئەوە بووە کە پارەیان پێدراوە.

کوردستان24: باس لەوە دەکرێت حەشدی شەعبی، سووننەکان زۆر گلەییان لەسەریان هەبووە لەکاتی گرتنەوەی مووسڵ و شارەکانی دیکەی عێراق، بە تەنیا لە یەک شوێندا 643 کەسیان لە سوونە کوشتووە بەبێ تاوان، ئەمە چۆن قبوڵکرا؟

دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی: هەندێک گرووپ لەناو حەشدی شەعبی یاساشکێنی زۆریان کرد، لە خودی ئەنجوومەنی وەزیرانیش باس کرا ئەو کات، لە جەرف سەخر تا ئێستا ناهێڵن سووننەکان بچنەوە بۆ ئەو ناوچەیە، هەروەها لە ناوچەیەکی نزیک فەلوجە 600 سووننە لەوێدا بێسەروشوێن کران، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانیش باسیان کرد، یەكێ لە وەزیرە سووننەکان سەلمان جومەیری، بە حەیدەر عەبادی گوت، بۆ خۆت بێ دەنگ کردووە بۆ قسە ناکای؟. حەیدەر عەبادی بابەتەکی زۆر بە ئاسایی وەرگرت وەک ئەوە وابێت کە هەر گوێشی لەو بابەتە نەبووە، هەندێک گرووپ هەن لە ناو حەشدی شەعبی کە پشێوی دەنێنەوە، بەڵام هەموو حەشدی شەعبی وا نین، بۆ نموونە فالح فەیاز، سەرۆکی، دەستەی حەشدی شەعبی کەسێکی زۆر هێمن و لەسەرخۆیە و دۆستێکی نزیکی کوردیشە.

کوردستان24: لە 2014 بودجەی هەرێمی کوردستان لەلان نووری مالیکی بڕدرا بۆچی ئەو کارە روویدا؟

دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی: من زۆر ئاگەداری ئەو پرسە نەبووم، بەڵام ئەوەندەی ئەو کات بیستم گوتیان: "هەرێمی کوردستان نەوتەکەی رادەستی حکومەتی عێراق نەکرد بۆیە شیعەکان فشاریان خستەسەر نووری مالیکی و ناچاریان کرد کە بەشە بوددجەی هەرێمی کوردستان ببڕێت". کە ئەوەش کارێکی زۆر خراپ بوو، لەو کاتییەوە لە کوردستان قەیرانی دارایی سەریهەڵداوە و تا ئێستاش بەردەوامە و  چارەسەر نەکراوە.