سوودانی: چاودێری رێوشوێنەکانی دووباره‌ هەناردەکردنەوەی نەوت لە بەندەری جەیهان دەکەین

K24 - هەولێر:

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، لەپێناو تەواوکردنی رێوشوێنە تایبەتەکانی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی خاو لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییه‌وه‌، سوودانی بەدواداچوونی بۆ ئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.

ئەمڕۆ (یەکشەممە 19ـی تشرینی دووەمی 2023)، سوودانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیه‌كی تایبەت بە پرۆژەکانی وه‌زاره‌تی نەوتی عێراق کرد، کە وەزیری نەوتی فیدراڵ و راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری نەوت و وزە ئامادەی بوون.

بە گوێره‌ی راگەیه‌ندراوی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا ئەو پڕۆژانە خرانە به‌رباس کە پەیوەندییان بە کەرتی وزە و دابەشکردن و رێژەی وەبەر‌هێنان هه‌یه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق هه‌روه‌ها هاتووه‌، لە کۆبوونەوەكه‌دا سوودانی بەدواداچوونی بۆ ئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، لەپێناو تەواوکردنی رێوشوێنە تایبەتەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی خاو لەرێگەی بەندەری جەیهانی تورکییه‌وه‌.

هەر ئەمڕۆ ئیبراهیم بەحر ئەلعلوم وەزیری پێشووی نەوتی عێراقی فیدراڵ بە کوردستان24 ی راگەیاند: لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ هەیە سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان  لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە لە داهاتوویەکی نزیکدا.

ئەو وەزیرەی پێشووی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، چاوه‌ڕێی ئەوە دەکەن لە کۆتایی ئەمساڵ و سەرەتای ساڵی 2024، دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بکرێت.

کارزان حەیدەر