ئەمڕۆ کۆنفرانسی COP28 لە ئیمارات دەستپێدەکات

تەواوی وردەکارییەکان لەسەر "COP28"

K24 - هەولێر

دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا قەیرانێکی جیهانییە کە سنوورە نیشتمانییەکان تێدەپەڕێنێت، پێویستی بە هاوکاری نێودەوڵەتی و هەوڵی یەکگرتووی هەمووان هەیە، بە هەموو تاکەکانی هەموو تەمەن و پسپۆڕییەکان و وڵاتانەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 30-11-2023 کۆنفرانسی COP28، لە ئیمارات دەستپێدەکات، لەم راپۆرتەدا وەڵامی هەموو پرسیارەکان سەبارەت بە کۆنفرانسەکەی گۆڕانی کەشوهەوا دەخرێتە روو.

کۆنفرانسی کەشوهەوای لایەنەکان چییە؟

دەستەی سەرەکی بڕیاردەرە لە رێککەوتننامەی چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا، کە ئەو 198 لایەنەی رێککەوتنەکەیان واژۆ کردووە، 197 وڵات کۆدەکاتەوە، ساڵانە بەڕێوەدەچێت، کە ئەمجارە ئیمارات میوانداری 28ەمین خولی ئەو کۆنفرانسە دەکات. کە یەکەم دانیشتنی کۆنفرانسی COP لە مانگی ئاداری ساڵی 1995 لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، کە بارەگای سەرەکی سکرتاریەتەکە لەشاری "بۆن"ـی ئەڵمانیایە.

گرنگی کۆنفرانسی لایەنەکان چییە؟

کۆنفرانسی لایەنەکانی پەیماننامەی چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا، ئەو کۆنفرانسەیە کە ساڵانە لە ژێر چاودێری سکرتاریەتی گشتی پەیماننامەکەدا بەڕێوەدەچن، و شوێنی کۆبوونەوەی فەرمین بۆ دانوستان و رێککەوتن لەسەر چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی و سنووردارکردنی گەرمبوونی جیهان .

ئەرکێکی سەرەکی کۆنفرانسی لایەنەکان بریتییە لە پشکنینی راپۆرتە نیشتمانییەکان و داتاکانی دەردانی گازی ژەهراوی کە لەلایەن وڵاتانی بەشداربووەوە پێشکەش دەکرێن، کە زانیاری سەرەتایی لەسەر کارەکانی هەر وڵاتێک و ئەو پێشکەوتنانەی کە بەدەستی هێناوە بەرەو گەیشتن بە ئامانجە گشتییەکانی رێککەوتننامەکە دەدەن.

چۆن سەرۆکایەتی کۆنفرانسی لایەنەکان دەگۆڕدرێت؟

کۆنفرانسی لایەنەکان ساڵانە بەڕێوەدەچێت، هەروەها پێنج ناوچەی دانپێدانراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (ئەفریقا، ئاسیا، ئەمەریکای لاتین و کاریبی، ئەوروپای ناوەڕاست و رۆژهەڵات و ئەوروپای رۆژئاوا) دەگۆڕدرێن بۆ وەرگرتنی سەرۆکایەتی کۆنفرانسەکە. ئەم خولانەوەیە دەرفەت بۆ ناوچە جیاوازەکانی جیهان مسۆگەر دەکات بۆ میوانداریکردنی کۆنفرانسەکە و نیشاندانی پابەندبوون بە رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی کەشوهەوا، کۆنفرانسەکەش ئەمساڵ لە ئیمارات بەڕێوەدەچێت.

کۆنفرانسی COP28 بە میوانداری ئیمارات چییە؟

COP28 لە 30ی تشرینی دووەم تا 12ی کانوونی دووەم لە "ئێکسپۆ دوبەی" بەڕێوەدەچێت، بڕگەیەکی یەکلاکەرەوە دەبێت، کە هەوڵەکانی جیهان لەسەر کاریگەرییەکانی کەشوهەوا و دابینکردنی چارەسەرەکان یەکدەگرن، ئەمەش پێویستی بە هاوکاری نێوان کۆمەڵگەی مەدەنی، حکومەتەکان، پیشەسازییەکان و هەموو کەرتەکانی ئابووری هەیە.

کێ دەتوانێت بەشداری لە COP28 بکات؟

COP28 یەکێکە لە گەورەترین و گرنگترین کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان لە ساڵی 2023، خەڵکێکی زۆر لە هەموو جیهانەوە سەیری دەکەن و گرنگی پێدەدەن بەشداری دەکەن.

وەک گەورەترین پرۆسەی بڕیاردان لە جیهاندا سەبارەت بە پرسەکانی کەشوهەوا، پیشبینی دەکرێت زیاتر لە 70 هەزار کەس بەشداری تێدا بکەن، کە سەرۆکی وڵاتانیشی تێدایە، بۆ دروستکردنی کۆدەنگی و پێشکەوتنی بەرجەستە لە پرۆسەی دانوستانەکانی نێوان لایەنەکان و شاندەکان، هەزاران رێکخراوی ناحکومی ، کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان و گەنجان و لایەنە پەیوەندیدارەکان.

رێککەوتننامەی چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا چییە؟ مەبەستی چییە؟

سکرتاریەتی گشتی رێککەوتننامەی چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا ئەو دامەزراوەیەی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە ئەرکی پشتگیریکردنی وەڵامدانەوەی جیهانی بەرامبەر بە مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە.

ئەمینداریەت سەرەتا سەرنجی لەسەر ئاسانکاری دانوستانەکانی نێوان حکومەتەکان بوو سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا، بەڵام ئەمڕۆ رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە پاڵپشتیکردنی دەزگا جیاوازەکان بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانی رێککەوتننامەکە و پرۆتۆکۆڵی کیۆتۆ و رێککەوتنی پاریس، ئەم پاڵپشتییە بریتییە لە دابینکردنی شارەزایی تەکنیکی، شیکردنەوەی گۆڕانی کەشوهەوا داتاکانی پێشکەشکراو لەلایەن لایەنەکانەوە و یارمەتیدان بۆ جێبەجێکردنی میکانیزمەکانی پرۆتۆکۆڵی کیۆتۆ.

پرۆتۆکۆڵی کیۆتۆ چییە؟

لە 11ی کانونی یەکەمی ساڵی 1997 لە سێیەمین کۆنفرانسی لایەنەکان لە شاری کیۆتۆی ژاپۆن، وڵاتانی پێشکەوتوو بەڵێنیان دا کە دەردانی گاز سنووردار بکەن و کەم بکەنەوە، ئەم پەیماننامەیە بە پرۆتۆکۆلی کیۆتۆ ناسراوە و رێککەوتنێکی یاسایی پابەندکەرە کە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە لە ساڵی 2005، و لەلایەن 192 لایەنەوە واژۆ کرا،

رێککەوتنی پاریس چییە؟

رێککەوتنی پاریس ساڵی 2015 کە لە کۆنفرانسی COP21ی لایەنەکاندا پەسەندکرا، یەکێکە لە دیارترین بەربەستەکانی چالاکی فرەلایەنەی کەشوهەوا بە سەرۆکایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە ئامانجی کۆکردنەوەی هەوڵی بەکۆمەڵی لایەنەکان بۆ پاراستنی ئەگەری دوورکەوتنەوە لە پلەی گەرمی جیهانی.

ڕێککەوتنەکە داوا لە وڵاتان دەکات هەر پێنج ساڵ جارێک پێداچوونەوە بە بەڵێنەکانیاندا بکەن، هەروەها بودجەی پێویست پێشکەش بە وڵاتانی تازەپێگەیشتو بکەن بۆ ئەوەی یارمەتیان بدەن لە کەمکردنەوەی کاردانەوەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و پشتگیریکردن لە توانای خۆیان بۆ گونجاندن لەگەڵیدا و بەرزکردنەوەی توانای خۆڕاگری کەشوهەوا.

ئیمارات چۆن پشتگیری لە پرۆسەی COP کرد؟

ئیمارات لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە ساڵی 1971ەوە پابەندە بە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی چالاکیی کەشوهەوای جیهانی، بە پەسەندکردنی هەردوو پرۆتۆکۆڵی کیۆتۆ و رێککەوتنی پاریس.

بەهۆی سەختی کەشوهەوای ئیمارات، لە رووی بەرزی پلەکانی گەرما و کەمی ئاوەوە، گۆڕانی کەشوهەوا وەک ئاڵنگارییەک دەڕوانێت کە پێویستە لە رێگەی هەوڵی هاوبەش و هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رووبەڕووی ببینەوە.

سوڵتان جابر، سەرۆکی COP28، بەشداری لە یازدە کۆنفرانسی پێشووی لایەنەکان کردووە و لەسەر وەرگرتنی کۆمیسیۆنی سەرکردایەتی لە ئیمارات، جابر سەرۆکایەتی شاندی وڵاتەکەی کرد بۆ کۆنفرانسی COP21 کە لە ساڵی 2015 لە پاریس بەڕێوەچوو.

ئیمارات وەک پێشەنگێکی ناوچەیی لە کەرتەکانی وزە و بەردەوامییدا سەرکەوتوو بووە لە پەرەپێدان و هەمەچەشنکردنی ئابوورییەکەی، دروستکردنی کەرتی نوێ، هەلی کار و لێهاتوویی بۆ نەوەکانی داهاتوو، و گەیشتن بە چارەسەری واقیعی و کردەیی بۆ تەحەددایەکی جیهانی کە کاریگەرییە نەرێنییەکانی تێیدا ڕەنگدەداتەوە هەموو جیهان.

پلانی کارکردنی سەرۆکایەتی COP28 چییە؟

هەڵسەنگاندنی جیهانی بۆ پێشکەوتنەکان لە جێبەجێکردنی ئامانجەکانی رێککەوتنی پاریس، پێویستی کەمکردنەوەی 22 گیگاتۆن لە دەردانی گازی ژەهراوی پێش ساڵی 2030 پشتڕاستکردەوە.

سەرۆکایەتی COP28 پلانێکی کارکردنی ئامادەکرد لەسەر بنەمای چوار پایەی سەرەکی: خێراکردنی بەدیهێنانی گواستنەوەیەکی رێک و پێک، بەرپرسیارانە، دادپەروەرانە و عەقڵانی لە کەرتی وزە، پەرەپێدانی میکانیزمەکانی دارایی کەشوهەوا، پاراستنی مرۆڤ و سروشت، باشترکردنی ژیان و بژێوی ژیان، و بە تەواوی لەخۆگرتنی هەمووان لە سیستەمی کاری کۆنفرانسەکەدا.

بەرپرسیارێتی سەرۆکایەتی COP28 چییە؟

سەرۆکایەتی کۆنفرانسەکە رۆڵێکی پێشەنگانە دەبینی و هەوڵی چڕ و پڕ دەدات لە کاتی ئامادەکارییەکانیدا بۆ کۆنفرانسەکە، بۆ کۆکردنەوەی هەوڵەکانی هەموو وڵاتان و پاڵنەریان بۆ بەڵێندانی نوێ و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی پێشوو.