بەرپرسی لقی 23ی پارتی: کاندیدەکانمان سەرکەوتنی گەورە تۆمار دەکەن

K24 - هەولێر

بەرپرسی لقی 23ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قەرەچووغ رایگەیاند، بەهۆی هەڵوێستی سەرۆک بارزانی، خەڵکی سنوورەکە خۆیان بە قەرزای سەرۆک دەزانن دەنگ بە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەن، دڵنیاین کاندیدەکانمان سەرکەوتنی گەورە تۆمار دەکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ی کانوونی یەکەمی2023، سەنگەر کانەبی، بەرپرسی لقی 23 پارتی دیموکراتی کوردستان لە قەرەچووغ، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئێمە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگایەکانی عێراقدا، بەتایبەت نەینەوا و کەرکووک، وەکو لقی 23ی پارتی دیموکراتی کوردستان حەوت کاندیدمان هەیە، بۆ کەرکووکیش یەک کاندیدمان هەیە، بەتایبەتیش لە سنووری سەرگەڕان، کاندیدەکان لە هەردوو پێکهاتەی کورد و عەرەب پێکهاتوون، ئافرەتیش لەنێو کاندیدەکانماندا هەیە".

گوتیشی: "کاندیدەکان دیار و ناسراوی سنوورەکەن و کاندیدی بەهێزن، ئێمە دڵنیاین کاندیدەکانمان سەرکەوتنی بەهێز بەدەست دەهێنن، بەپێی ئەو سەردان و دیدارانەی ئێمە دەیکەین لەگەڵ خەڵکی سنوورەکە، دەبینین خەڵکەکە زۆر بە پەرۆشەوە روو لە لیستی 197ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن، زۆربەی ئەو کەسانەی لە دەرەوەی رێکخستنەکانی پارتین، بەهۆی هەڵوێستی سەرۆک بارزانی، خۆیان بە قەرزای سەرۆک دەزانن دەنگ بە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەن، ئێمە دڵنیان لە ژمارە و کورسی کاندیدەکانمان لە پارێزگای کەرکووک و پارێزگای نەینەوا سەرکەوتنی گەورە تۆمار دەکەن".

بڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکای عێراق، بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت و لەو هەڵبژاردنەدا، 23 ملیۆن و 367 هه‌زار و 81 كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یە.

ئا: لاڤین عومەر