رووسیا قوتابییەکی کورد خەڵات دەکات

K24 - هەولێر

قوتابییەکی کوردی نیشتەجێی مۆسکۆ، بە دوو تابلۆ لە پێشبڕکێی تەلارسازی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بەشداریکرد و نازناو و خەڵاتی یەکەمی پێشبڕکێیەکەی بەدەستھێنا.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا خەڵاتی باشترین تەلارسازی دیپلۆماسی بە قوتابییەکی کورد دا. نوریک تەمەنی 20 ساڵە، ئەو  دووەم ساڵە لەسەر ئاستی رووسیا، بە تابلۆیە سەرنجراکێشەکانی بەشداری پێشبڕکێیەک دەکات و هەردوو جارەکەش نازناو و خەڵاتی یەکەم بەدەست دەهێنێت.

نوریک موسۆیان، تەلارساز و نیگارکێشی کورد دەڵێت، "زۆر دڵخۆشم کە خەڵاتی یەکەمی پێشبڕکێیەکەم بەدەستهێناوە. بە دوو تابلۆ بەشداریم لە پێشبڕکێیەدا کرد؛ هەردوو تابلۆکەم بە پێنووسی دار کێشاون. دانیشتووی شاری مۆسکۆم، هەر لە منداڵییەوە کاری نیگارکێشیم کردووە و دڵخۆش دەبم کاتێک ناوی کورد لەسەر ئاستی رووسیا دەنگ دەداتەوە".

ساڵانە بە ئامانجی بەهێزکردنی تواناکانی قوتابییان لەبواری تەلارسازیدا، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، پێشبڕكیێیەک بۆ تەواوی نیگارکێش و تەلارسازانی ئەو وڵاتە رێکدەخات. زیرەکی و لێهاتوویی ئەم قوتابییە كوردە لەبواری هونەری تەلارسازیدا، کاربەدەستانی رووسیای سەرسام کردووە.

ئەلیکساندەر سوخەروچێنکە، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بە کوردستان24ـی گوت، "لێرە لاوێک بەناوی نوریک بەشدارە، ئەوە دووەم ساڵە پلەی یەکەم بەدەست دەهێنێت، من هیوای سەرکەوتن و گەشەی پیشەیی بۆ دەخوازم. هیوادارم برەو بە ڕۆحی هونەری زیاتر بدات لە کارەکانیدا، چونکە ئەوە مێژووی ڕووسیا و مۆسکۆیە ئەوە کارێکە کە خەڵک پێکەوە گرێدەدات، هیوادارم هەنگاو هەر بۆ پێشەوە بنێت لە کارەکانیدا و بەشداری پێشبڕکێکانی تریش بکات".

سوخەروچێنکە ئاماژەی بەوەش کرد، "هیوادارم بەردەوام بێت لە کارە هونەرییەکانی و ئێمە و خانەوادە و وڵاتەکەی زیاتر دڵخۆش بکات بە کارەکانی، لەلایەكی دیکەوە ئەو کارانە بەھەند وەردەگرین، كە بە پێنووسی دار کاریان تێدا کراوە. دژواری ئەم ئیشانە لەوەدایە کە ئەم بەهرەمەندانە هاتوون دیزاین و نەخشەی تەلارسازییان ئاوێزانی میوزیک کردووە".

نوریک موسۆیان، ئەو قوتابییە کوردەیە، کە بەردەوام پەرە بەتوانا زانستی و بەهرەکانی خۆی دەدات، ئەو نازناو و خەڵاتانەشی بەدەستی ھێناون، نیشاندانی نمونەیەکی جوانی سەرکەوتنی قوتابی کوردە لە رووسیادا.