حکومەتی عێراق ئیدانەی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر شوێنە سەربازییەکانی دەکات

حکومەتی عێراق لە رێگەی هێزە ئەمنییەکانەوە مامەڵە لەگەڵ هێرشەکانی سەر دیپلۆماسییەکان دەکات

K24 - هەولێر

حکومەتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئیدانەی هێرشەکانی ئەمەریکا دەکات بۆ سەر بنکەکانی گرووپە چەکدارەکان و دەشڵێت: حکومەت لە رێگەی هێزە ئەمنییەکانیەوە بە توندی مامەڵە لەگەڵ هێرشەکانی سەر بارەگای نوێنەرایەتی دیپلۆماسیی بیانییەکان دەکات.

لە راگەیەندراوی حکومەتی عێراق ئاماژە بەوەکراوە، لە رێگەی هێزە ئەمنییەکانییەوە مامەڵە لەگەڵ هەموو دامەزراوە دەستوورییەکان و دەسەڵاتە یاساییەکانی دەکات، دەشڵێت: هەموومان بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی هەندێک گرووپ دەکەین، بۆ سەر بارەگاکانی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییە بیانییەکان، یان ئەو شوێنانەی کە راوێژکاری سەربازیی وڵاتانی دۆستەکانیان تێدایە. هەروەها ئەم هێرشانە پێشتر وەک کردەوەی دوژمنکارانە دەستنیشانکراون کە کاریگەرییان لەسەر سەروەری وڵاتی عێراق هەیە، و ئەمەش جێگەی قبوڵکردن نییە لە ژێر هەر بارودۆخێکدا بێت یان لەژێر هەر ناوێک یان پاساوێک.

هەروەها حکومەتی عێراق ئیدانەی ئەو هێرشانەی ئەمەریکا دەکات کە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 26ـی کانوونی یەکەمی 2023، بە بیانووی وەڵامدانەوە، هێرش کرایە سەر شوێنە سەربازییەکانی عێراق، کە بووە هۆی کوژرانی ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان و برینداربوونی 18 کەسی دیکە کە کەسی مەدەنیشیان تێدایە، دەشڵێت: ئەمە کردەوەیەکی روونە و بەشداری بەرژەوەندییە هاوبەشە درێژخایەنەکان لە بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناکات، هەروەها دژی ئەوە کاردەکات کە ئەمەریکا خواستی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراقدا هەیە.

هەر لەراگەیەندراوەکەدا ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە، ئەم هەنگاوە زیان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەگەیەنێت، هەروەها رێگاکانی گەیشتن بە لێکتێگەیشتن ئاڵۆزتر دەکات. ئاماژە بەوەشکراوە، لە رێگەی گفتوگۆی هاوبەش بۆ کۆتاییهێنان بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، کە لە سەرووی هەموویانەوە نوێنەرایەتی پێشێلکارییەکی قبوڵنەکراوی سەروەری عێراق دەکات.

لەکۆتاییی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێزە ئەمنییەکان سەرکەوتوو بوون لە بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری عێراق، هەروەها سەرکەوتنیان بەسەر چەکدارانی داعشدا بەدەستهێنا،  کە چیتر مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دروست ناکات، هەربۆیە پاراستنی بەرهەمی ئەم سەرکەوتنە لە ناوەڕۆکی کارە لە پێشینەکانی ئەمنی و ستراتیژییەکانماندایە و رێگە نادات هیچ لایەنێک زیان بەو شتانە بگەیەنێت، کە لە رێگەی هەزاران قوربانیدان بەدەست هاتووە.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، لە وەڵامی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر بنکەکانیان لە عێراق و سووریا، چەند بنکەیەکی حزبوڵڵایان لەناو خاکی عێراق کردووەتە ئامانج.

ئاماژەی بەوەشکردووە: بەپێی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان  پێگەکانی حزبوڵڵا وێرانکراون و چەند چەکدارێکیشیان کوژراون، هیچ زیانێکیش بەر هاووڵاتییانی سڤیل نەکەوتووە.