د. شادان شێروان حەیدەری: لە کابینەی نۆیەمدا گەورەترین سەنتەری منداڵە ناکامەکان کراوەتەوە

K24 - هەولێر

لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24، د. شادان شێروان حەیدەری، بەرێوەری نەخۆشخانەی ئافرەتان و لە دایکبوون-ی هەولێر باس لە کار و چالاکییەکانی نەخۆشخانەکەیان و پێشڤەچوونی کەرتی تەندروستی دەکات و دەڵێت: لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گەورەترین و پێشکەوتوترین سەنتەری منداڵە ناکامەکان دروستکراوە.

کوردستان24: پڕۆژە نوێیەکانی نەخۆشخانەی لەدایک بوون و منداڵان چین؟  چەند پزیشکی پسپۆڕ هەیە؟

د.شادان شێروان حەیدەری: سەبارەت بە خزمەتگوزارەییەکانی نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی هەولێر، گرنگترین پڕۆژە بۆ ئەمساڵ، پڕۆژەی "هەژماری من" بوو کە یەکەم فەرمانگە حکومی بووین کە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەکەی لێ کرایەوە و لە 28/2/2023 بەکاتێکی کەم جێبەجێکرا، لە رێگای ئەم پڕۆژەیەدا 850 کارمەندی نەخۆشخانە سوودمەند بوون و مووچەکانیان وەردەگرن لە رێگای سیستەمی "ATM" لە بانکی "RT" و "جیهان"، سوودی ئەم پڕۆژەیە ئەوەیە کە فەرمانبەر دەتوانێت لە هەرشوێنێک و هەرکاتێک بێت مووچەی خۆی راستەوخۆ وەربگرێت، بێ ئەوەی کاتی بگرێت، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەتوانێت مامەڵە بەو کارتە بکەن.

پڕۆژەی دووەم زۆر گرنگ بوو، کە کردنەوەی پڕۆژەی "چاودێری چڕ" بوو "I.C.U" کە خەونێک بوو بۆ نەخۆشخانەکە، کە چەندین ساڵە هەوڵدەدرێت بۆ کردنەوەی، توانیمان دوای هەوڵێکی زۆر ئەم بەشە لە نەخۆشخانە بکەینەوە لە 31/7/2023، لەلایەن مانگی سووری قەتەری، بەسەر پەرشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر. نزیکەی چوار مانگە  بۆ هەر مانگێک لەنێوان 25 بۆ 30 نەخۆش لە ژێر چاودێری چڕ بوون، ئێستا بە تەندروستییەکی باش چارەسەرکراون و گەڕاونەتە ماڵەوە، هەروەها پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی بەشی "ملی منداڵدان" بۆ چارەسەرکردن و دەستنیشان کردنی پێش کاتی تووش بوون بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان"رحم".

نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی هەولێری فێرکاری زیاتر لە 99 پزیشکی پسپۆڕی تێدایە لەنێوان پسپۆڕی ئافرەتان و لەدایکبوون، پسپۆڕی منداڵان، پسپۆڕی تیشک و سۆنار، پسپۆڕی سڕکردن و پسپۆڕی تاقیگە و چەندین پزیشکی پسپۆڕ و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر و پزیشکی راوێژکار و پسپۆڕی دێرین کە هەموویان لە خزمەت نەخۆشانی نەخۆشخانەکەن کە رۆژانە 300 بۆ 600 نەخۆش لە بەشی راوێژکاری دەبینرێن لە نەخۆشخانە، دوای کردنەوەی بەشی راوێژکاری و فراوانکردنی، بە سیستەمی پۆلیکلینک نەخۆش دەبینرێت کە پێکهاتووە لە دوو روێژکاری منداڵبوون، راوێژکاری ئافرەتان و راوێژکاری شەکرە، هەناو  و نەشتەرگەری گشتی و میزەڕۆ کە لەلایەن پزیشکانی پسپۆڕ بەڕێوە دەبرێن.

کوردستان24: رۆژانە چەند منداڵ لە دایک دەبن؟ چەندییان ناکامن؟ چییان بۆ کراوە بۆ ئەو منداڵانە؟

د. شادان شێروان حەیدەری: سەبارەت بە منداڵبوون رۆژانە 80 بۆ 90 منداڵ بە سرووشتی و نەشتەرگەری لە خزمەتگوزاری نەشتەرگەری سار رۆژانە بە لیست بۆ چەندین ئافرەت ئەنجام دەدرێت، کە رۆژانە لەنێوان 25 بۆ 30 نەشتەرگەری ئەنجام دەدەین، لە نەخۆشخانەکەمان کە پێی دەگوترێ لیستی بەیانی بێ بەرامبەر، نەخۆشخانەکەمان جگە لە منداڵبوون، چارەسەری هەموو نەخۆشییەکانی ئافرەتان دەکات، وەک نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی هەوکردن بە هەموو جۆرەکانییەوە.

هەروەها گەورەترین و پێشکەوتوترین سەنتەری منداڵە ناکامەکانە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، بە نوێترین ئامێری پێشکەوتوو کە نوێترین ئامێری چاودێری منداڵی ناکامی تێدایە، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە، دوای نۆژەنکردنەوەی لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانی "W.H.O" کە بە نوێترین و باشترین ستانداردی جیهانی نۆژەنکراو فراوانکرایەوە کە لە 35 خانەی منداڵان بوو بە 95 خانەی منداڵان و بە باشترین خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ منداڵانی ناکام، کە سەرپەرشتی و چارەسەرییان دەکەین، کە بە بەراورد بە هەر شەوێک بۆ ئەم منداڵانە بەبێ بەرامبەرە، هەندێک منداڵ لای ئێمە نزیکەی دوو مانگ ماونەتەوە لەم بەشە کە تەمەنیان پێش کاتی خۆیان لەدایکبوون  لە نێوان28 بۆ 29 هەفتەیە و بەتەندروستی باش چارەسەرکراون و لەنەخۆشخانە دەرچوون.

ئاماری شەش مانگی رابردوولەدایکبوون لە نەخۆشخانەی لە دایکبوون رەگەزی نێر چوارهەزار 805 منداڵ بوون رەگەزی مێ پێنج هەزار و 118 منداڵ بوون، کۆی گشتی نۆهەزار و 923 منداڵ لەماوەی شەش مانگ لەدایکبوون، سێ منداڵی فڕەدراو هەبووە دوو منداڵی وەرگیراویش هەیە لە بەشی منداڵە ناکامەکان، چارەسەر و خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ کراوە بە باشترین شێوە.

کوردستان24: خزمەتگوزارییەکانی نەخۆشخانەکە چین؟

شادان شێروان حەیدەری: نەخۆشخانەکەمان سەنتەرێکی سەردەمیانەی هەیە ئەویش سنتەری د. خاوەر بۆ منداڵی بلوری و نەزۆکی، لەم ساڵدا نزیکەی هەزار و572 نەخۆش لەم سەنتەرە بینراوە، کە کێشەی نەزۆکییان هەبووە و چارەسەریان بۆکراوە بەپێی کێشەکانیان، بە نرخێکی زۆر گونجاو بە بەراورد بە سەنتەرەکانی دیکەی تایبەت. هەروەها 54 حاڵەتی پۆزەتیف هەبووە لەکۆی 113 نەشتەرگەری منداڵی بلووری و 113 پیتاندنی دەستکرد و پۆزەتیف هەبووە لە ساڵی رابردوو لە دوای ئەنجامدانی پڕۆسەی منداڵی بلووری "C.V.F" هەروەها لە روویئەکادیمییەوە نەخۆشخانەکامان متمانەی بۆردی ئوردنی پێ بەخشراوە ئەمساڵ لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای بۆردی کوردستان بۆ پسپۆڕە پزیشکییەکان سەرپەرشتی کراو چەندین تیمی پسپۆڕی پزیشکی ئوردونی بۆ ئەم مەبەستە سەردانی نەخۆشخانەکەمانی کرد بە پلەی یەکەم متمانەی پێبەخشرا.

کوردستان24: هیچ سەنتەرێکی تایبەت بە توندوتیژی دژی ئافرەتان هەیە؟              

د. شادان شێروان حەیدەری: لەڕووی داکۆکی مافی ئافرەت، نەخۆشخانەکەمان سەنتەری توندوتیژی دژی ئافرەتان هەیە، بەناوی "سەنتەری تەندروستی ناوەندی ئافرەت"، کە رۆژانە چەندین حاڵەتی توندوتیژی دژی ئافرەتان و ژنان چارەسەر دەکرێت و من وەک سەرپەرشتیاری ئەم ناوەندە و  وەک پسپۆڕی ئافرەتان چارەسەری نەخۆشەکان دەکەم و هەروەها پزیشکی دادوەری و پزیشکی پسپۆڕی دەروونی، بەشی یاسا بۆ چارەسەری کێشەکانیان لە دادگا و ئەم سەنتەرە لەلایەن رێکخراوی یونسێف دروستکراوە، بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر. ئێمە سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی دەکەین، بۆ پڕۆژەی هەژماری من، هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی کە بە نەخۆشخانەکەمانی گەیاندووە لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییان.

ئا: لاڤین عومەر