یونیسێف: نزیکەی 20 هەزار منداڵ لە نێو جەهەنەمی کەرتی غەززە لەدایکبوون

بەشی لەدایکبوون لە نەخۆشخانەی شیفای کەرتی غەززە - ئەرشیف
بەشی لەدایکبوون لە نەخۆشخانەی شیفای کەرتی غەززە - ئەرشیف

K24 – هەولێر

ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان، کە یونیسێف ناسراوە، رایگەیاند، لە 105 رۆژی شەڕو پێکدادانەکانی کەرتی غەززە، نزیکەی 20 هەزار منداڵ لە دایکبوون و بە گوێرەی ئامارەکانیش لە هەر 10 خوولەکێکدا منداڵێک لەدایکبووە.

تێس ئێنگرام، گوتەبێژی یونیسێف لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕ و قەیرانی هاوکارییە مرۆییەکان، تاوەکوو ئێستا نزیکەی 20 هەزار منداڵ لە کەرتی غەززە لەدایکبوون.

ئێنگرام دۆخی کەرتی غەززەی بە جەهەنەم ناوبردووە و دەڵێ، لە سەرەتای شەڕەوە لە حەوتی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە تاوەکوو ئێستا نزیکەی 20 هەزار منداڵ لەدایکبوون، بەشێکیان بە نەشتەرگەریی و بەبێ سڕکردنی دایکەکان لەدایکبوون، بەڵام بەهۆی کەمی تیمی پزیشکی و ئەو کاریگەرییە زۆرەی لە سەر تیمە تەندروستییەکان هەیە، بەشێک لە کۆرپەلەکان بە مردووی لە منداڵدانی دایکەکان دەرهێنراون.

هەروەها هۆشداریشیداوە لەوەی، ئەگەر هەیە بەهۆی خراپی دۆخیی مرۆیی کەرتی غەززە و بەردەوامبوونی شەڕو پێکدادانەکان، ژمارەیەکی زۆر لەم منداڵانە و منداڵانی دیکەش گیان لە دەست بدەن، چونکە کەرتی غەززە مەترسیدارترین ناوچەی جیهانە بۆ منداڵان، بەگوێرەی ئامارەکانیش 70% قوربانیانی شەڕی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل ئافرەت و منداڵانن.