کتێبی (زانیاری و داتا لەسەر گشت هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم پەرلەمانتارەکان لە نێوان ساڵانی 1992 –2018) بڵاوکرایەوە

چاپکراوی نوێ
چاپکراوی نوێ

K24 - هەولێر

کتێبی "زانیاری و داتا لەسەر گشت هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم پەرلەمانتارەکان لە نێوان ساڵانی (1992 –2018)"، لە دوو توێی 160 لاپەڕەییەوە پێکهاتووە و لەلایەن نووسەر وەحید رەشید بڵاوکراوەیەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی شوباتی 2024، وەحید رەشید نوح، مامۆستا و نووسەر بە کوردستان24ـی راگەیاند، ناوەڕۆکی کتێبی"زانیاری و داتا لەسەر گشت هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم پەرلەمانتارەکان لە نێوان سالانی(1992- 2018)"، باسی یەکێک لە دەستکەوتە مەزنەکانی شۆڕش و راپەڕین، دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستان بوو لە ساڵی 1992، چونکە ئەو دەرفەتە زێڕینەی بۆ گەلی کورد فەراهەمکرد. تاوەکو گشت گەلانی جیهان لە رێی هەڵبژاردنەوە نوێنەری خۆی دەستنیشان بکات و بینێرێتە پەرلەمانەوە. بۆ ئەوەی بەرگری لە مافە رەواکانی خۆی بکات و چاودێریش بێت بەسەر کارەکانی حکومەتەوە و خزمەت بە گشت چین و توێژەکانی گەلی کوردستان بکات، بە گشت دەنگ و رەنگە جیاوازەکانەوە، بۆیە پەرلەمان دامەزراوەیەکی زۆر گرنگە. چونکە ئەم دامەزراوەیە پەیوەندی بە ژیانی و چارەنووسی تاک بە تاکی گەلەکەمانەوە هەیە.

نووسەر دەڵێت: "لەم سۆنگەیەوە بە پێویستم زانی لەم کتێبەدا تیشک بخەمە سەر کار و ئەرکەکانی پەرلەمان هەر لە دەستپێکی دامەزراندنییەوە تا خولی ئێستا، واتا لە نێوان ساڵانی (1992 -2018) لەم کتێبەدا گشت ئامار و داتاکانی تایبەت بە ئەنجمای هەڵبژاردنەکانی خولی یەکەم لە ساڵی 1992 تاکوو خولی پێنجەم لە ساڵی 2018، ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی لە ساڵی 2009، ئەنجامی راپرسی سەربەخۆیی کوردستان(ریفراندۆم) لە ساڵی 2017 دەستەی سەرۆکایەتییەکانی پەرلەمان. ناوی پەرلەمانتارەکان لە گشت خولەکانی پەرلەمان، پڕۆژە یاساکان، یاساکان لێژنەکانی پەرلەمان دەخەمە روو، بۆ ئەوەی گەنجەکان و نەوەکانی ئێستا و ئاییندە زیاتر ئاشنا بن بە کار و پڕۆژەکانی پەرلەمان و سوودی لێ وەربگرن.