حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر سکاڵای هاووڵاتییان نووسراوێک ئاراستەی حکومەتی عێراق دەکات

هەردوو لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی
هەردوو لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی

K24 – هەولێر:

حكومەتی هەرێمی كوردستان نووسراوێكی فەرمی ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراقی فیدراڵ دەكات سەبارەت بە سكاڵای هاووڵاتییان دەربارەی ئەو زیانەی پێیان گەیشتووە لە بڕیاری پچڕاندنی هێلی پەیوەندی لەنێوان كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم و كۆمپانیاكانی دیکە.

رۆژی هەینی (16ـی شوباتی 2024) ‎بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سەبارەت بە سكاڵای هاووڵاتییان دەربارەی ئەو زیانەی پێیان گەیشتووە لە بڕیاری پچڕاندنی هێلی پەیوەندی لەنێوان كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم و (زەین عێراق و ئاسیاسێڵ)، حكومەتی هەرێمی كوردستان نووسراوێكی فەرمی ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراقی فیدراڵ دەكات.

‎هاوكات وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەم بڕیارەی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عیراق بە نادادپەروەرانە لە قەڵەم دەدات و داوادەكات كەوا پەیوەندییەكان بگەڕێندرێنەوە باری ئاسایی خۆیان.

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، تاكو ئەم كێشەیە چارەسەر دەكرێت لە چوارچێوەی گفتوگۆ بەپێی یاسا و بڕیاری كۆتایی دادگاكان، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و عێراق كە ژمارەی هاوبەشەكان بە ملیۆنەها بەشدرابوو دەخەمڵێندرێت، داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان کردووە.

رۆژی (22ـی تشرینی یەکەمی 2023) بەهۆی کێشەیەک لە نێوان کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق کە تاوەکو ئێستا چارەسەر نەکراوە؛ دەستەکە بڕیاریدا بە راگرتنی پەیوەندییەکانی نێوان کۆمپانیاکە و کۆمپانیاکانی دیکەی پەیوەندیی لە عێراق.