سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق سه‌ره‌خۆشی له‌ سه‌رۆك بارزانی ده‌كات

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

K24 - هەولێر:

به‌هۆی كۆچی دوایی زەکیا مستەفا بارزانی، نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق په‌یامێكی سه‌ره‌خۆشی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ به‌شێكی په‌یامه‌كه‌ی نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقدا هاتووه‌: به‌هۆی كۆچی دوایی زەکیا مستەفا بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیران محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی سه‌رۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی ده‌كات.

له‌ په‌یامه‌كه‌دا هه‌روه‌ها هاتووه‌، وێڕای ئاراسته‌كردنی په‌یامی سه‌ره‌خۆشی، سوودانی هیوای خواست خوای مه‌زن گیانی خوالێخۆشبوو به‌ به‌زه‌یی و میهره‌بانیی خۆی شاد بکات و سه‌برو ئارامی به‌ كه‌سوكاری ببه‌خشێت.

رۆژی هەیینی، 23-02-2024، دوای ماوەیەک مانەوە لە نەخۆشخانە، زەکییا مەلا مستەفا بارزانی، خوشکی سەرۆک بارزانی لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر کۆچی دوایی کرد.

رۆژی شەممە، 24-02-2024، یەکەم ڕۆژی پرسەی خوالێخۆشبوو زەکییا مستەفا بارزانی، خوشکی سەرۆک مەسعود بارزانی لە پیرمام بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەچوو و، ئەمڕۆ دووەم رۆژی پرسەکەیە.

 بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، پرسەی خوشکی سەرۆک بارزانی بۆ ماوەی سێ رۆژ لە كاتژمێر 10:00 تاوەکو 12:00ـی پێشنیوەڕۆ و ئێوارانیش كاتژمێر 02:00 تاوەکو 05:00ـی ئێوارە لە هۆڵی تەشریفاتی بارەگای بارزانی لە پیرمام بەڕێوەدەچێت.

هەر بەبۆنەی کۆچی دوایی خوشکییەوە؛ هێز و لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆیان بە سەرۆک بارزانی راگەیاندووە.