سبەی شاندێکی باڵای تورکیا سەردانی بەغدا دەکات

وەزیرانی دەرەوە و بەرگری تورکیا و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی تورکیا - وێنە: AA
وەزیرانی دەرەوە و بەرگری تورکیا و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی تورکیا - وێنە: AA

K24 – هەولێر:

سبەی پێنجشەممە وەزیری دەرەوەی تورکیا بە یاوەری وەزیری بەرگریی و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی سەردانی بەغدا بکات و گفتوگۆ لەبارەی پرسە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکەن.

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، سبەی پێنجشەممە (14ـی ئاداری 2024) هەریەکە لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، یەشار گولەر، وەزیری بەرگری و ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی و مونیر کارالئۆغڵو، جێگری وەزیری ناوخۆ سەردانی بەغدا دەکەن.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسە ئەمنییەکانی نێوان عێراق و تورکیا، سەردانی بەغدا دەکات و لەلایەن فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازی لێ دەکرێت.

لە دیدار و گفتوگۆکانیاندا، شاندە باڵاکەی تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پرسەکانی ئاسایش و سەربازیی و پەیوەندییەکانی بەغدا و ئەنقەرە تاوتوێ دەکەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەریەکە لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا لە چەند رۆژی رابردوو لە ئەمەریکا بوون و ئاژانسە هەواڵییەکان ئاماژەیان بەوەکردووە کە تورکیا هەوڵی ئەوە دەدات کە ئەمەریکا رازی بکات هیچ رێگری و کاردانەوەیەکی نەبێت بۆ ئەنجامدانی ئەو ئۆپراسیۆنە چاوەڕوانکراوەی هاوینی ئەمساڵ و هاوکات باس لەوەش دەکرێت، تورکیا نیازی ئەوەی هەیە کە ئۆپراسیۆنەکە تەنیا لە سنووری هەرێمی کوردستان و عێراقدا بێت و بەمەش ئەمەریکا تەنیا تێبینی لەسەر رۆژئاوای کوردستان هەیە.

پێشتریش لە رۆژی (5ـی ئاداری 2024) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت رایگەیاند، لە ئایندەیەکی نزیکدا لەرێگەی ئۆپەراسیۆنەکانەوە بازنەی ئەمنی لە عێراق تەواو دەکەن، ئەم قسەیە لە میدیاکانی جیهان وەک ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی ئۆپراسیۆنێکی دیکە لە دژی پەکەکە لێکدانەوەی بۆکرا، هاوکات هەڵبژاردنی شارەوانییەکانیش نزیک بووەتەوە و ئۆپۆزیسیۆن دەسەڵات بەوە تۆمەتبار دەکات، لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەر هەڵبژاردنێک، دەسەڵات باسی ئۆپراسیۆنی سەربازی دەکات.

هاوکات رۆژی (12ـی ئاداری 2024) یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ رۆژنامەی حورییەت ئاماژەی بە ئۆپراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکەی سوپای تورکیا بۆ سنوورەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دا و رایگەیاند، هاوینی ئەمساڵ کێشەی پەکەکە لەسنوورەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکەن.

گولەر گوتیشی، دەیانەوێت کۆریدۆرێکی ئەمنی بە قوڵایی 30 بۆ 40 کیلۆمەتر دروستبکەن لەپێناو پاراستنی سنوورەکانیان و ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرپرسە باڵاکانی عێراق جەخت لەوە دەکەنەوە کە پەکەکە بۆ ئەوانیش بووەتە هۆی کێشە و لە هەرێمی کوردستان بە سەدان گوند بەتاڵکراون.

سەردانی ئەو شاندە باڵایەی تورکیا بۆ بەغدا، دوای ئەوە دێت کە رۆژی (26ـی شوباتی 2024) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە کۆتایی ئاداری ئەمساڵ سەردانی عێراق دەکات و وابڕیارە چەند دۆسیەیەکی سەرەکی و هاوبەش لەگەڵ عێراق لە ئەجێندای کۆبوونەوەکانی بێت لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، لەوانەش دۆسیەکانی ئاو، پەکەکە، بازرگانی، نەوت و رێگەی گەشەپێدان.

هەروەها رۆژی (12ـی ئاداری 2024) ئەحمەد یڵدز، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا کە بە سەردانێک لە بەغدا بوو رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەر لە کۆتاییهاتنی مانگی نیسان، سەردانی عێراق دەکات.

زیاتر بخوێنەوە: ئەردۆغان بۆ چەند دۆسیەیەکی گرنگ سەردانی عێراق دەکات