لەکاتی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ شرناخ پۆلیسێک گیانی لەدەستدا

رووداوێکی هاتووچۆ
رووداوێکی هاتووچۆ

K24 – هەولێر:

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، لەکاتی سەردانی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ شرناخ، ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس کە لەگەڵ کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی ناوبراو لە ئەرکدا بوون تووشی رووداوێکی پێکدادان دەبێت و بەمهۆیەوە پۆلیسێک گیان لەدەستدەدات.

ئەمڕۆ چوارشەممە (13ـی ئاداری 2024) میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، لەمیانەی سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ پارێزگای شرناخ، لە رێگەدا ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس کە هاوشانی ئۆتۆمبێلی کاروانی پاسەوانەکانی سەرۆککۆمار لە ئەرکدابوو تووشی رووداوێکی پێکدادان دەبێت، بەمهۆیەوە پۆلیسیك گیانی لەدەستدا و سێی دیکەش برینداربوون.

ئاماژە بەوەشکراوە، بریندارەکان گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە، هاوکات لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.

لای خۆیەوە عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە پەیامێکدا سەرەخۆشی خۆی بۆ بنەماڵەی پۆلیسەکە دەربڕی کە لە رووداوەکەدا گیانی لەدەستدا.

ئەمڕۆ (13ـی ئادار 2024) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەچوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردن سەردانی شرناخی باکووری کوردستان کرد و لە گوتارێکیدا رایگەیاند، ئەم شارە خاوەنی مەم و زینە کە یەکێکە لە جوانترین چیرۆکی خۆشەویستی.

گوتیشی: لەرێگەی ئەو رێڕەوە ئەمنییەی کە لە باشووری تورکیا دروستیان کردووە، رێگری لە پڕوشکی ئاگری ئەو ناوچەیە بۆ وڵاتەکەیان دەکەن.