ئەردۆغان: دەم پارتی پشتی بە پەکەکە بەستووە و هیچ چارەسەرێکیان بۆ هاووڵاتییان نییە

ئەردۆغان لە پارێزگای ئاگری
ئەردۆغان لە پارێزگای ئاگری

K24 – هەولێر:

سەرۆککۆماری تورکیا کە هاوکات سەرۆکی پارتی دادوگەشەپێدانە لەمیانی بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی وڵاتەکەی لە پارێزگای ئاگری باکووری کوردستان رایگەیاند: دەم پارتی و هاوپەیمانەکانی پشتییان بە پەکەکە بەستووە لەکاتێکدا چەندین ساڵە لە پەرلەمانن و هیچ چارەسەرێکیان بۆ پارێزگا و هاووڵاتییان نییە.

رۆژی پێنجشەممە (14ـی ئاداری 2024) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە گردبوونەوەیەکی جەماوەریدا کە 40 هەزار کەس ئامادەیبوو، لە پارێزگای ئاگری رایگەیاند، دەم پارتی و هاوپەیمانەکانی پشتییان بە پەکەکە بەستووە لەکاتێکدا چەندین ساڵە لە پەرلەمانن و هیچ چارەسەرێکیان بۆ پارێزگا و هاووڵاتییان نییە.

ئەردۆغان گوتیشی: "ئەو نوێنەرە سیاسییانەی کە پشتیان بە پەکەکە بەستووە، لە ئیستانبوڵ و ناوچەکانی دیکە لەرێگەی رێککەوتنی ژێربەژێرییەوە هەوڵی پاراستنی ئاییندەی سیاسیی خۆیان دەدەن. دەیانەوێت ئیرادەی خەڵک دەستەمۆ بکەن. چەندین ساڵە لە پەرلەمانن هیچ چارەسەرێکیان بۆ پارێزگاکان نەبووە".

سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەوان باکیان بە ئاگری و وان و دیاربەکرەوە نییە. تاکە خاڵی گرنگ بۆ ئەوان، فەرمانی ئاغاکانیانە کە لە ئیستانبوڵ، بەرلین، برۆکسل و واشنتن نیشتەجێن. لە راستیدا هەر کێ هەڵێک بقۆزێتەوە، بۆ ئەو پارێزگایانە رادەکات".

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە 31ـی مانگی ئاداری داهاتوو بەڕێوەدەچێت و بە گوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا 36 پارتی سیاسی مافی ئەوەیان هەیە بەشداری بکەن لەوانەش: دەم پارتی، ئاکپارتی، جەهەپە، مەهەپە، ئیی پارتی، دەڤا، سەعادەت، ئاییندە، هوداپار و تەواوی ئەو فراکسیۆنانەی کە لە پەرلەمانی تورکیا کورسییان هەیە و ئەو پارتە تۆمارکراوانەی کورسی پەرلەمانییان بەدەستنەهێناوە دەتوانن بەشداری بکەن.