تورکیا.. رێژەی بێکاری بەردەوامە لە بەرزبوونەوە

تورکیا
تورکیا

K24 – ئەنقەرە:

قەیرانەکانی تورکیا رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر دەبن، ئیستا بەشێکی زۆری خەڵکی ئەو وڵاتە بەدەست بێکارییەوە دەناڵێنن، دوایین داتاکان ئاماژە بە بەرزبوونەوەیەکی نوێی رێژەی بێکاری دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا هاووڵاتییان و ئابووریناسان پێیان وایە داتاکان دەرخەری دۆخی راستەقینەی ئابووری ئەو وڵاتە نین و ئاماژە بەوە دەکەن، رێژەی بێکاری زۆر لەو ئاستە بەرزترە کە حکومەت ئاماژەی پێ دەکات.

رێژەی بێکاری لە تورکیا و باکووری کوردستان بە رێژەی 1.7 زیادیکردووە، کە گەیشتووەتە 26.5% و لە ماوەی 32 مانگی رابردووشدا گەیشتووەتە لوتکە، بەشێک لە هاووڵاتییان نیگەران لە زۆربوونی رێژەی بێکاری و پێانوایە هاتنی بیانییەکان بۆ وڵاتەکەیان وایکردووە رێژەی بێکاری زۆرتربێت.

فارۆغ زەیلان، هاووڵاتی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەو هەموو بیانییە کە روو دەکەنە وڵاتەکەمان گەنجەکانی خۆمانیان بێکار کردووە، لەبەر ئەوەی بەبێ بیمە کاردەکەن و پارەی کەم وەردەگرن ئەوان کاریان هەیە و خۆمان بێکارین".

هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی نوورجان سولاب، دەڵێت: "ئەو ژمارانەی کە بڵاویدەکەنەوە و دەڵین 9 بۆ 10 ملیۆنە رێژەی بیکاری هیچی راست نییە، لە دوای هەڵبژاردن رێژەی بێکاری و هەڵاوسان زیاتر بەرزدەبێتەوە".

بەگوێرەی داتاکانی دامەزراوەی ئاماری تویک کە سەر بە حکومەتی تورکیایە، رێژەی بێکاری کە لە مانگی یەکی ئەمساڵدا بە رێژەی 0.2% بۆ 9.1% زیادیکردووە، ژمارەی بێکاران بە بەراورد بە مانگی رابردوو 85 هەزار کەس زیادیکردووە و گەیشتووەتە 3 ملیۆن و 214 هەزارکەس.