نرخی بەنزین و گاز لە تورکیا گران بوو

بەنزینخانەیەک لە تورکیا
بەنزینخانەیەک لە تورکیا

K24 – هەولێر:

نرخی بەنزین لە تورکیا بەرزبووەتەوە و لەمڕۆوە هەر لیترێک بەنزین لیرەیەک و 53 قورشی دێتەسەر.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕە جیهانییەکان بۆ 84 دۆلار بووەتە هۆی هەڵبەز و دابەز لە نرخی سووتەمەنییەکان، ئەمەش وایکردووە نرخی بەنزین و گازیش کە راستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییانەوە هەیە، لە زۆربەی وڵاتان جیهان گۆڕانکاری بەسەردابێت.

لە تورکیا نرخی لیترێک بەنزین 1.53 لیرە و لیترێک گازیش 1.10 لیرەی هاتەسەر. دوای زیادکردنی نرخەکانیش، نرخی لیترێک بەنزین لە هەندێک پارێزگای تورکیا گەیشتە 43 لیرە کە دەکاتە دۆلارێک و 34 سەنت.

هاوکات نرخی لیترێک گازیش بوو بە 42.83 لیرە کە دەکاتە دۆلارێک و  33 سەنت. هەمان مانگی ساڵی رابردوو نرخی لیترێک بەنزین لە تورکیا 20 لیرە و نیو بوو کە دەکاتە نیوەی ئەو نرخەی کە ئێستا هەیە.

دوای ئەوەی دوێنێ پێنجشەممە (14ـی ئاداری 2024) نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ سەروو 85 دۆلار بەرزبووەوە، کە ئەمەش لە مانگی تشرینی ساڵی رابردووەوە یەکەمجار بوو نرخی نەوت بگاتە ئەو ئاستە.