ئابووریناسێک: تورکیا بۆ پشتیوانی لە دراوەکەی پێویستی بە 270 ملیار دۆلارە

تورکیا
تورکیا

K24 – ئیستانبۆڵ:

تا دێت خواستی هاووڵاتییانی تورکیا لەسەر دۆلار و دراوە بیانییەکانی دیکە زیاتر دەبێت، ئەمەش بووەتە فشارێکی گەورە لەسەر بەهای لیرەی تورکی، بە گشتی خەڵکی تورکیا چاوەڕێی دابەزینی زیاتری بەهای لیرە دەکەن، بۆیە پەنادەبەنە بەر گۆڕینی لیرە بە دراوەکانی دیکە، ئابووریناسان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەگەری ئەوە هەیە بەهای هەر دۆلارێک بگاتە 40 لیرە.

لەم دواییانەدا لە تورکیا خواست لەسەر دۆلار و دراوە بیناییەکانی دیکە زیادیکردووە، هەروەها بەرزبوونەوەی رێژەی سوود لە مانگی شوباتدا بە پێچەوانەی پێشبینییەکان بوو و ترسی ئەوە هەیە لە دوای هەڵبژاردندا لیرە بەهاکەی زیاتر لەدەستبدات.

عیزەددین ئۆندەر، ئابووریناس تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "پێشبینی دەکات لیرە بەهای خۆی زیاتر لەدەست بدات و لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەگەر هەیە بەهای هەر دۆلارێک بگاتە 40 لیرە، هاووڵاتییانیش ئەمە دەزانن و پێشبینی دەکەن دوای هەڵبژاردن لەناکاو لیرە زیاتر بەهاکەی لەدەستبدات، هەر بۆیە دەچن دۆلار دەکڕن".

لەلایەن خۆیەوە چەتنی ئوونسال، ئابووریناس بە کوردستان24ـی گوت: "پێشبینی دەکەم دوای هەڵبژاردن زۆر شتی دیکە رووبدات و فشاری دۆلار لەسەر ئابووری زۆر زیاتر دەبێت، بۆیە قەرزە دەرەکییەکان و کورتهێنانە بازرگانییەکان پێکەوە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئابووری تورکیا پێویستی بە 270 ملیار دۆلارە. بەڵام ئەم پارەیە بەردەست نییە و ئەمەش مانای وایە کە بەهای لیرە زۆر دادەبەزێت بەرامبەر بە دراوە بیانییەکان".

لیرەی تورکی بە بەراورد بە مانگی رابردوو بە رێژەی نزیکەی 5% بەهای بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی کەمیکردووە، هەروەها بە بەراورد بە ساڵی رابردوو بە ڕێژەی 69% دابەزیووە و. بەرزکردنەوەی رێژەی سوود بۆ 45% نەیتوانی رێگری لە دابەزینی بەهای لیرە بکات.