دەیان کۆچبەری نایاسایی لە تورکیا دەستگیر کران

هەڵمەتی دەستگیرکردنی کۆچبەرانی نایاسایی لە تورکیا
هەڵمەتی دەستگیرکردنی کۆچبەرانی نایاسایی لە تورکیا

K24 - هەولێر

وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی، هێزەکانی تورکیا توانیویانە 40 کۆچبەری نایاسایی لە ئیزمیر دەستگیر بکەن.

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، لە ئۆپەراسیۆنی قەڵغان 15 کە تایبەتە بە بەرەنگاربووەنەوەی کۆچی نایاسایی، 40 کۆچبەریان دەستگیر کردووە و دوای لێکۆڵینەوە رووبەڕووی یاسایان دەکەنەوە.

یەرلیکایا ئاماژەی داوە، هەر لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا 35 هوتێل بەهۆکاری داڵدەدانی کۆچبەرانی نایاسایی و هاوکارینەکردنی هێزە ئەمنییەکان ڕووبەڕووی سزای پێبژاردن کراونەتەوە.

ئۆپراسیۆنی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە کاتێکدایە، ڕۆژی هەینی لە دەریای ئیجە، بە هۆی نقووم بوونی بەلەمێکەوە، 24 کۆچبەری نا یاسایی خنکان، لە نێویاندا حەوت منداڵ هەبوو. هەروەها 18 کۆچبەریش بێ سەرشوێن بوون و تا وەکوو ئێستا تەرمەکانیان نە دۆزراوەتەوە.

بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی تورکیا، نزیکەی چوار ملیۆن پەنابەر لەو وڵاتە نیشتەجێن کە بەشی زۆرینەیان خەڵکی سووریان.

هەروەها حکوومەتی تورکیا لە ساڵی 2016ـەوە بۆ ڕێگریی لە کۆچی نایاسایی و تێپەڕبوون لە تورکیاوە بەرەو ئەوروپا، ڕێککەوتنێکی لەگەڵ رێکخراوی یەکێتی ئەوروپا مۆر کرد و لە بەرانبەردا ڕێکخراوەکە هاوکارییەکیی ماددی بە تورکیا دا بۆ ئەوەی پابەندی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە بێت.