هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا دەرفەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لەو وڵاتە دروستدەکات

کورد لە تورکیا
کورد لە تورکیا

K24 – هەولێر:

تەنیا 14 رۆژ ماوە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا. پارت و لایەنە سیاسییەکان دەستیان بە گفتوگۆکردووە و بەشێک لەو دانووستانانەش دوور لە چاوی کامێراکان بەڕێوەدەچن.

لەم نێوەندەشدا چارەسەرکردنی کێشەی کورد یەکێکە لە سەرەکیترین بابەتەکان، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە تورکیا لەدوای هەڵبژاردنەکان دەبینرێت. جیا لەوەش بەرپرسە باڵاکانی دەم پارتی نایشارنەوە و بە راشکاوانە باسی دیدارەکانیان لەگەڵ ئاکپارتی دەکەن.

چارەسەرکردنی کێشەی کورد بووەتە سەرەکیترین بابەتی رۆژەڤی سیاسەتی تورکیا، پەیامە یەک لە دوای یەکەکان وەک ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ پێناسە دەکرێت.

14 رۆژ ماوە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 31ـی ئادار، ئەم کەشەش وایکردووە پارت و لایەنە سیاسییەکان بکەونە گفتوگۆ و دانوستاندن ئەگەر چی لە دووری چاوی کامێراکانیش بن بەڵام ئەنجامەی دانوستاندنەکان بەئاسانی دەبینرێن و رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبن.

یەکەم ئاماژە لە موراد قەرەیڵان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبردنی پەکەکە هات و رایگەیاند، گەلی کورد لە قۆناغێکی گرنگ تێدەپەڕێت، لە چەند رۆژی ئاییندە، موژدەیان دەبێت و لە رێگەی راگەیەندراوێکەوە ئاشکرای دەکەن.

پەیامی دووەم لە سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی دەستگیرکراوی هەدەپە و سەلچوک مزراکلی، سەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانی دیاربەکر هات و رایانگەیاند، پێویستە بەزووترین کات دانوستاندنەکان لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی کورد بەشێوەیەکی فەرمی دەستپێبکات.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، دەبێت دانوستاندنەکان لەلایەن حکومەتەوە دەستپێبکات، باڵاترین دەسەڵاتیش لە حکومەت لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوەیە، بۆیە: "رەجەب تەیب ئەردۆغان و عەبدوڵڵا ئۆجەلان ناونیشانی ئاشتیین".

پەیامی سێیەمیش لەلایەن ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری دیاری کورد و کاندیدی دەم پارتی بۆ گەورەشارەوانی مێردین رایگەیاندبوو، ئەردۆغان ناونیشانی چارەسەرکردنی کێشەی کوردە و پێویستە قۆناغێکی دیکەی ئاشتی رابگەیەندرێت. لە کۆتا گوتاریشیدا وەک ئاماژەیەک بۆ رێککەوتنیان لەگەڵ حکومەت رایگەیاند، کۆتایی بە سیستەمی قەییوم هاتووە. 

ماوەیەک باس لە بوونی پەیوەندی نێوان ئاکپارتی و دەم پارتی دەکرێت. بەتایبەتی دەرخستنی کاندید لە ئیستانبوڵ و ئەنقەرە کە دەبێتە هۆی دابەشبوونی دەنگەکانی ئۆپۆزیسیۆن، بەڵگەن لەسەر ئەوەی دانوستاندنێکی ژێربەژێر بەڕێوەدەچیت، پەیامە یەک لە دوای یەکەکانیش پێمان دەڵێن، دوای هەڵبژاردن قۆناغێکی نوی چاوەڕێی تورکیا دەکات.

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە 31ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت و بەگوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا 36 پارتی سیاسی مافی ئەوەیان هەیە بەشداری بکەن لەوانەش: دەم پارتی، ئاکپارتی، جەهەپە، مەهەپە، ئیی پارتی، دەڤا، سەعادەت، ئاییندە، هوداپار و تەواوی ئەو فراکسیۆنانەی کە لە پەرلەمانی تورکیا کورسییان هەیە و ئەو پارتە تۆمارکراوانەی کورسی پەرلەمانییان بەدەستنەهێناوە دەتوانن بەشداری بکەن.