سووریا.. لە ئەنجامی داڕمانی دیوارێک 13 منداڵ بوونە قوربانی

K24 - هەولێر

لەشاری سەرمەدا لە پارێزگای ئیدلیبی سووریا، دیوارێکی چیمەنتۆ بەسەر خێوەتێکدا کەوت کە وەک خوێندنگە بەکار دەهێنرا و لە ئەنجامدا پێنج منداڵ گیانیان لەدەستدا و هەشتی دیکەش بریندار بوون.

بەرگریی شارستانیی سووریا ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، بەهۆی فشاری گونیەی گەنم و ئالیک دیواری کۆگایەکی دانەوێڵە داڕماوە بەسەر خێوەتێکی پەروەردەیی کە لە تەنیشت ئەو کۆگایە بووە، ئاماژەی بەوەشکرد، خێوەتەکە لە سێ ژوور پێکهاتووە کە یەکێکیان کۆگای دانەوێڵە و ئالیک بووە، ئەوانی دیکەش شوێنی خوێندنی قوتابیان بووە.

بەدرێژایی ساڵانی ڕابردووی شەڕ لە سووریا، پارێزگای ئیدلب بووەتە دوا پەناگە بۆ ئەو سوورییانەی کە هیچ شوێنێکی تریان نییە بۆ ڕۆیشتن.

بەپێی ئاماری ڕێکخراوە مرۆییەکان، زیاتر لە چوار ملیۆن هاووڵاتی مەدەنی لەو پارێزگایە نیشتەجێن، نیوەیان لەو کەمپانەدا نیشتەجێن کە دەکەونە سەر سنوور.

بەپێی بەیاننامەیەکی سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف)، لە 15ی ئاداردا، نزیکەی 7.5 ملیۆن منداڵی سووریا پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە، ئەمەش دوای 13 ساڵ لە شەڕ و پێکدادان لە سووریا دێت.

وێنەی ڕووداوەکە
وێنەی ڕووداوەکە
وێنەی ڕووداوەکە
وێنەی ڕووداوەکە
وێنەی ڕووداوەکە
وێنەی ڕووداوەکە