ئەردۆغان: هاوینی ئەمساڵ سنوورەکانمان لەگەڵ عێراق کۆنترۆڵ دەکەین

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا

K24 – هەولێر:

سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، لە وەرزی هاوینی ئەمساڵ سنوورەکانی وڵاتەکەیان لەگەڵ عێراق کۆنترۆڵ دەکەن و دواتریش ئەو کارەی لە سووریا ماوە لە دژی یەپەگە تەواوی دەکەن.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، رژدن لەسەر ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانیان بۆ سەر پەکەکە و لە وەرزی هاوینی ئەمساڵ سنوورەکانیان لەگەڵ عێراق کۆنترۆڵ دەکەن و دواتریش ئەو کارەی لە سووریا ماوە لە دژی یەپەگە تەواوی دەکەن.

ئەردۆغان گوتیشی: "بوون بە خاوەنی سوپایەکی بەهێز لەبری بژاردە، بەڵکو پێویستییە بۆ ئێمە. لە وەرزی هاوینی ئەمساڵ تەواوی سنوورەکانمان لەگەڵ عێراق کۆنترۆڵ دەکەین، لە سووریاش ئەو کارەی کە بە نیوەچڵی بەجێماوە، تەواوی دەکەین. دروستکردنی کەشێکی دوور لە تیرۆر جگە لەوەی بۆ شەهیدەکانمانە، هاوکات وەک قەرزێک بۆ نەوەکانی ئاییندە دەیبینین".

رۆژی (14ـی ئاداری 2024) لە بەغدا، کۆبوونەوەی ئەمنی عێراق و تورکیا لە بەغدا بەڕێوەچوو، دوای ئەوەی شاندێکی باڵای تورکیا بە سەرۆکایەتی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە گەیشتنە بەغدا و لەلایەن فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازییان لێکرا و بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە: بڕیاردرا هه‌وڵه‌كان بۆ داڕشتنه‌وه‌ی چوارچێوه‌یه‌ك بۆ رێكکه‌وتنی هاوبه‌ش چڕبكرێنه‌وه‌ کە ته‌واوی پرسه‌ گرنگه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ هه‌ردوو وڵات له‌خۆبگرێت.

سەردانی ئەو شاندە باڵایەی تورکیا بۆ بەغدا، دوای ئەوە هات کە رۆژی (26ـی شوباتی 2024) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە کۆتایی ئاداری ئەمساڵ سەردانی عێراق دەکات و وابڕیارە چەند دۆسیەیەکی سەرەکی و هاوبەش لەگەڵ عێراق لە ئەجێندای کۆبوونەوەکانی بێت لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، لەوانەش دۆسیەکانی ئاو، پەکەکە، بازرگانی، نەوت و رێگەی گەشەپێدان.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەریەکە لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا لە سەرەتای ئەم مانگە لە ئەمەریکا بوون و ئاژانسە هەواڵییەکان ئاماژەیان بەوەکردووە کە تورکیا هەوڵی ئەوە دەدات کە ئەمەریکا رازی بکات هیچ رێگری و کاردانەوەیەکی نەبێت بۆ ئەنجامدانی ئەو ئۆپراسیۆنە چاوەڕوانکراوەی هاوینی ئەمساڵ و هاوکات باس لەوەش دەکرێت، تورکیا نیازی ئەوەی هەیە کە ئۆپراسیۆنەکە تەنیا لە سنووری هەرێمی کوردستان و عێراقدا بێت و بەمەش ئەمەریکا تەنیا تێبینی لەسەر رۆژئاوای کوردستان هەیە.

پێشتریش لە رۆژی (5ـی ئاداری 2024) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت رایگەیاند، لە ئایندەیەکی نزیکدا لەرێگەی ئۆپەراسیۆنەکانەوە بازنەی ئەمنی لە عێراق تەواو دەکەن، ئەم قسەیە لە میدیاکانی جیهان وەک ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی ئۆپراسیۆنێکی دیکە لە دژی پەکەکە لێکدانەوەی بۆکرا، هاوکات هەڵبژاردنی شارەوانییەکانیش نزیک بووەتەوە و ئۆپۆزیسیۆن دەسەڵات بەوە تۆمەتبار دەکات، لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەر هەڵبژاردنێک، دەسەڵات باسی ئۆپراسیۆنی سەربازی دەکات.

هاوکات رۆژی (12ـی ئاداری 2024) یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ رۆژنامەی حورییەت ئاماژەی بە ئۆپراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکەی سوپای تورکیا بۆ سنوورەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دا و رایگەیاند، هاوینی ئەمساڵ کێشەی پەکەکە لەسنوورەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکەن.