دەم پارتی 10 رۆژ پێش هەڵبژادنی شارەوانییەکان هێزی خۆی نیشاندا

ئاهەنگی نەورۆز لە دیاربەکر- وێنە: دەم پارتی
ئاهەنگی نەورۆز لە دیاربەکر- وێنە: دەم پارتی

K24 – هەولێر:

دەم پارتی یادکردنەوەی نەورۆزی ئەمساڵی جیاوازتر ئەنجامدا و لە دیاربەکر گەورەترین کەرنەڤاڵی جەماوەری ئەنجامدا و چەندین پەیامی سیاسیی و نەتەوەیی گەیاندە دەنگدەران و لایەنە سیاسییەکان لە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن.

31ـی ئەم مانگە لە باکووری کوردستان و تورکیا، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بەڕێوەدەچێت و لەدوای هەڵبژاردنەکانی ئایاری ساڵی رابردوو، دەبێتە یەکەم تاقیکردنەوە بۆ ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات ئەوەش بەهۆی دابەشبوونی لایەنەکان بۆ چوونە پێشبڕکێی هەڵبژاردن.

دەم پارتی هاوسەنگی هێز دەگۆڕێت

دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ئایاری ساڵی رابردوو، کێبڕکێی هەڵبژاردن زۆربەی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی لەسەر مێزێک کۆکردەوە بۆ رکابەریکردنی ئاکپارتی و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئەردۆغان، بەڵام بەهۆی ناڕازیبوونی هێزە نەژادپەرستەکان بە بەشداریکردنی هەدەپە لە بەرەکەیاندا، ئەمەش دوای سەرکەوتنەوەی ئەردۆغان، بووە رەخنەیەک لە سەرکردایەتی حزبەکە کە لەو هەڵبژاردنی بەناوی پارتی چەپی سەوز بەشداری کردبوو.

کەمبوونەوەی رێژەی دەنگ و ژمارەی کورسییەکانی هەدەپە (دەم پارتی ئێستا) لە پەرلەمانی تورکیا، وایکرد پارتەکە خۆی نوێبکاتەوە و گۆڕانکاری گەورە ئەنجام بدات، تاوەکو رۆژی (4ـی شوباتی 2024) ئایشەگول دۆغان، گوتەبیژی دەم پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕیاریانداوە لە ئیستانبوڵ، ئەنقەرە و گەورەشارەوانییەکانی دیکە بە کاندیدی خۆیان بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بکەن.

ئەم هەڵوێستەی دەم پارتی لە ناوەندەکانی چاودێریکردنی هەڵبژاردن و راپرسییەکانی تورکیا، وەک خاڵی جیاکەرەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی شارەوانییەکان لە نێوان ئاکپارتی و جەهەپە دادەنێن، بەتایبەتی هەموو ئەگەرەکان بەو ئاراستەیەن لەسەر بنەمای هەڵبژاردنەکانی رابردووش، جەهەپە بەبێ دەنگی کورد ناتوانێت بە ئاسانی رکابەری بنکەی جەماوەی ئەردۆغان و پارتەکەی بکات.

هەرچەندە بەگوێرەی یاسا و رێنماییەکانی هەڵبژاردن لە تورکیا، 10 رۆژ پێش وادەی هەڵبژاردن، بڵاوکردنەوەی پێشبینی و ئەنجامی راپرسییەکان لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە قەدەغەیە، بۆیە رۆژی (21ـی ئاداری 2024) دوا راپرسی لەلایەن دامەزراوەکانەوە راگەیەندراو، کە ئەگەری بردنەوەی جەهەپە جارێکی لە ئەنقەرە کا مەنسوور یاڤاش کاندیدە زۆرە بەڵام لە ئیستانبوڵ موراد کوروم و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەنگەکانیان لەیەکەوە نزیکە، ئەویش بەهۆی جیابوونەوەی پارتی یەنیدەن رەفا لە هاوپەیمانی کۆمار کە ئاکپارتی، مەهەپە و هوداپار لەخۆدەگرێت.

بانگەوازی دەم پارتی لە نەورۆز

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە ئاهەنگی نەورۆزی دیاربەکر بانگەوازێکی شەش خاڵی راگەیاند، کە پارتەکەی لە 57 شار و شارۆچکەی تورکیا سەرپەرشتی ئاهەنگەکانی نەورۆز دەکات، بەڵام ساڵانە گەورەترین ئاهەنگی نەورۆز لە باکووری کوردستان لە دیاربەکر سازدەکرێت و کوردانی زۆربەی ناوچەکانیش تێیدا بەشداری دەکەن.

لە ئاهەنگەکەدا، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، داوا دەکەن لەبری گرتن و بەندکردن، بەزووترین کات هاوپەیمانیەتی کورد و تورک نوێبکرێتەوە و داواشی لە ئۆپۆزیسیۆن کرد لە پرسی کێشەی کورد بوێر و راستگۆبن و زەمینەسازی بۆ ئاشتی بکەن.

هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتیشی: "لێرەوە بانگەوازێک ئاراستەی دەسەڵات دەکەم، داوا دەکەین لەبری گرتن و بەندکردن، بەزووترین کات هاوپەیمانیەتی کورد و تورک نوێبکەنەوە. دوو رێگە لەبەردەم تورکیا هەیە، شەڕ و پێکدادان لەگەڵ رێگەچارەیەکی دیموکرات و ئاشتیخواز، بۆیە داوا دەکەین خەڵک خەباتی ئاشتی و دیموکراسی فراوانتر بکەن".

باکرهان ئاماژەی بەوەشکرد: "پێویستە دان بە زمانی کوردیدا بنرێت لە پەرلەمان و واز لە بەکارهێنانی وشەی تیرۆریستان بهێنن. ئەو شوێنەی ئێوە بە تیرۆریستان ناوی دەبەن کوردستانە و بەسەر چوار پارچە دابەشکراوە".

هاوسەرۆکی دەم پارتی پەیامێکی ئاراستەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن کرد و رایگەیاند: "داوا لە ئۆپۆزیسیۆن دەکەم لە پرسی کێشەی کورد بوێر و راستگۆبن. وەرن زەمینەسازی ئاشتی بکەین لەدژی ئەوانەی دەهۆڵی شەڕ لێدەدەن".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، باکرهان داوای لەسەرجەم پارتە کوردییەکان کرد ئەگەر ئێستا کاتی یەکێتی نەتەوەیی نەبێت ئەی کەی کاتیەتی؟ پێویستە ئەم یەکێتییە دروستبکەین و بەربەستەکان بەلاوەبنێین".

لە پەیامێکیش بۆ پارتە چەپەکان، هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی: "داوا دەکەم لەپێناو لەناوبردنی هەژاری و فشاری نەتەوەیی، هەموو پارتە چەپڕەوەکان بەیەک بگەن لەپێناو دروستکردنی زەمینەی خەبات و شۆڕشگێڕی".

چاوەکان لەسەر ئیستانبوڵ و ئەنقەرەن

دەستەواژەیەک لە سیاسەتی تورکیا هەیە، ئەوەی ئیستانبوڵ و ئەنقەرە بباتەوە، تورکیای بردووەتەوە. ئەمەش وایکردووە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا هەموو چاوەکان و کێبڕکێی قوڕسی لایەنەکانیش لە دوو گەورەترین شارەکەی ئەو وڵاتە بێت. لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2019، ئاکپارتی هەردوو شارەوانییەکەی بۆ جەهەپە لەدەستدا بەڵام لە 2023 ئەردۆغان هەر لە دەسەڵات بە براوە مایەوە.

لە کاتێکدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی چەند جارێک لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن ئاماژەی بەوەکرد کە ئەمە دوا هەڵبژاردنە بەشداری دەکات، بۆیە جارێکیتر کێبڕکێکان لە ئیستانبوڵ و ئەنقەرە گەرمتر بوونەوە و پرسیاری ئەوەش هاتە پێشەوە، ئایا ئەردۆغان دوا هەڵبژاردنی تەمەنی سیاسیی خۆی دەدۆڕێنێت یاخود هەموو کارێک دەکات بۆ سەرکەوتن و گێڕانەوەی متمانە بۆ راستکردنەوەی شکستەکەی پێشووی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لەو دوو گەورە شارەوانییە.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیادا کە (14ـی ئایاری 2023) بەڕێوەچوو، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات، ڕێژەی 35%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا رێژەی 10%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا.

لە بەرامبەیشدا، جەهەپە دوای شکستهێنانی کەمال کڵچدارئۆغلو لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار، کۆنگرەی ئەنجامدا و سەرۆکی پارتەکەی گۆڕی بەڵام پارتە هاوپەیمانەکانیش لەدەستدا، لەوانەش، ئیی پارتی، دەڤا، ئاییندە و سەعادەت و لەم هەڵبژاردنەش ئومێدی بە دەنگی کورد هەبوو، بەڵام دەم پارتیش بێ ئومێدی کرد لەوەی پشتگیری بکات لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی مانگی ئایاری ساڵی رابردوو، لیستی پارتی گەلی کۆماری تورکیا (جەهەپە) 169 کورسی کە لەو لیستەدا پارتی ده‌ڤا 15 کورسی، پارتی ئاییندە 10 کورسی، پارتی سەعادەت 10 کورسی، پارتی دیموکرات سێ کورسی و پارتی گۆڕانی تورکیاش یەک كورسییان بەدەستهێنا و دواتر زۆربەی ئەو پارتانە جیابوونەوەی خۆیان راگەیاند، هەرچەند لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیش ئیی پارتی هاوپەیمانی جەهەپە بوو بەڵام لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا کێبڕکێی یەکدی بوون.

دەنگی کورد لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا

پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) کە دواتر داخرا و لە شوێنی ئەو پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دامەزرا،  لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2011ـدا بە بەدەستهێنانی 6.4 ـی دەنگەکان توانی 34 کورسی لە پەرلەمانی تورکیا مسۆگەربکات. لەوکاتەدا، بەدەپە بەهۆی بەربەستی یاسایی پەرلەمان لەرێگەی کاندیدانی سەربەخۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنەکان کرد بۆیە ژمارەی دەنگەکان بەگوێرەی پێویست نەبوو، بە یەک لیستی دەیتوانی دەنگی زیاتر بەدەستبێنێت.

هەڵبژاردنەکانی 7ـی حوزەیرانی ساڵی 2015 و بەدیاریکراوی کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، هەدەپە توانی دەنگەکانی بکاتە دوو هێندە و 80 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

ساڵی 2018 کە ئەوکات پرۆسەی ئاشتی شکستیهێنابوو، هەروەها لە رۆژئاوای کوردستانەوە تاوەکو خواکورک شەڕێکی بەرفراوان لەنێوان سوپای تورکیا و پەکەکە بەرپاببوو، لەو کاتەدا هەڵبژاردنەکان بەڕێوەچوون و هەدەپە دەنگەکانی کەمکرد، بەشێوەیەک لە کۆی گشتیدا 13 کورسی لە پەرلەمانی تورکیا لەچاو هەڵبژاردنی پێشتر لەدەستدا.

هەرچی پارتی دیموکراتی گەلانە (هەدەپە) بەهۆی مەترسی داخستنی پارتەکەی، بەناوی پارتی چەپی سەوز بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی 2023 کرد و بووە خاوەنی 61 کورسی لە خولی 28ـەمینی پەرلەمانی تورکیا. لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی 2018ـەدا، هەدەپە رێژەی 11%ـی دەنگ و 67 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنابوو.

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی رابردوو، ژمارەی دەنگەکانی هەدەپە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. کە لەژێر ناوی پارتیی چەپی سەوز بەشداری لە هەڵبژاردنەکان کرد و لە چوارچێوەی هاوپەیمانی رەنج و ئازادی لەگەڵ لایەنە چەپەکانی تورکیا، لە هەموو پارێزگاکان کاندیدیان هەبوو. بەو پێیەش لە کۆتاییهاتنی قۆناغی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کوردەوە تاوەکو ئێستا هەدەپە ملیۆنێک و 266 هەزار دەنگ، واتە 19 کورسی لە پەرلەمانی تورکیا لەدەستداوە.

لەنێوان ساڵانی 2013 بۆ 2015 کە گفتوگۆکانی قۆناغی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد لەنێوان حکومەتی تورکیا و پەکەکە لەئارادابوو، پێگەی هەدەپە لە شانۆی سیاسی تورکیا، ژمارەیەکی کاریگەربوو بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسە سیاسییە ئاڵۆزەکان، تا گەیشتن بە داواکردن بۆ بەشداریکردن لە پێكهێنانی حکومەت.

بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیاش، هەدەپە لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن کە لە 14ـی ئایاری 2023 بەڕێوەچوو، هەروەها لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنیشدا کە لە 28ـی ئایاری 2023 بەڕێوەچوو، پشتیوانییان لە کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت کرد لەبەرامبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار کە لە ئەنجامدا، ئەردۆغان سەرکەوتنی بەدەستهێنا و رۆژی 3ـی حوزەیرانی 2023 سوێندی یاسایی خوارد و کابینەی نوێی حکومەتی راگەیاند.

بەشداری کورد لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا

لە ساڵی 1999 بۆ یەکەمجار کورد لە رێگەی پارتی دیموکراتی گەل (هادەپ) بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کرد و توانی زیاتر لە ملیۆن و 100 هەزار دەنگ بەدەستبهێنێت و 37 شارەوانی لە باکووری کوردستان بردەوە، بەو ئەنجامەی بەدەستیشی هێنا، هادەپ بووە حەوتەمین پارتی جەماوەری لەسەر ئاستی هەموو تورکیا.

هادەپ کە لە ساڵی 1997 دامەزرابوو، ساڵی 2002 بە بڕیاری دادگای دەستووری تورکیا داخرا، رێکخستنەکانی ئەو حزبە لەژێر ناوی پارتی گەلی دیموکرات (دەهەپە) خۆیان رێکخستەوە و پارتێکی سیاسیی نوێیان دامەزراند.

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2004ـیش دەهەپە لەگەڵ پارتی سۆشیال دیموکراتی گەل بەشداری کرد و توانی ملیۆنێک و 660 هەزار دەنگ بەدەستبهێنێت و لە 64 شارەوانی سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، بەڵام هەر لەو ساڵەدا ئەو پارتەش داخرا و ساڵی 2005 پارتی کۆمەڵگەی دیموکرات (دەتەپە) شوێنی گرتەوە.

دەتەپەش لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2009 بەشداری کرد و دەنگەکانی گەیاندە دوو ملیۆن و 277 هەزار دەنگی بەدەستهێنا و 96 شارەوانی بردەوە و بووە چوارەم پارتی سیاسیی جەماوەری لەسەر ئاستی هەموو تورکیا.

دوای داخستنی دەتەپەش، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2014، پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) بەشداریکرد کە لە ساڵی 2008 دامەزرابوو، ئەویش توانی رێژەی دەنگەکانی بەرزبکاتەوە و 102 شارەوانی بەدەستهێنا و بۆ یەکەمجاریش سیستمی هاوسەرۆکییان لە شارەوانییەکانی باکورری کوردستان جێگیرکرد.

لە پێنجەم ئەزموونی بەشداری کورد لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا، لە ساڵی 2019، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەشداریکرد کە لەوکاتەدا خاوەنی 67 کورسی بوو لە پەرلەمانی تورکیا و سێیەم پارتی سیاسیی جەماوەری بوو لەسەر ئاستی تورکیا، بەڵام دەنگەکانی لەسەر ئاستی شارەوانییەکان کەمیکرد و لە 68 شارەوانییدا براوەبوون.