لوبنان سکاڵایەک لەسەر ئیسرائیل تۆمار دەکات

فڕۆکەخانەی  رافیق حەریری- بەیروت
فڕۆکەخانەی رافیق حەریری- بەیروت

K24 - هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی لوبنان ڕایگەیاند، لوبنان سکاڵایەکی بەپەلە پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سەروەری لوبنان بە تێکدانی سیستەمی ئاسمانی گەشتیاری".

لە بەیاننامەی وەزارەتەکەدا هاتووە، هێرشەکانی ئیسرائیل کاریگەری لەسەر "سەلامەتی فڕۆکەوانی مەدەنی لە ئاسمانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ڕافیق حەریری - بەیروت، لە سەرەتای شەڕی غەززەوە دروستکردووە، ئەم سکاڵایە وەک درێژەپێدەری هەڵمەتی بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل دێتە ئاراوە". هەروەها سەرپێچی و درێژەپێدەری ئەو زنجیرە سکاڵایانە کە پێشتر تۆمارکراون.

راشیگەیاند، "لوبنان ئیسرائیل لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەرپرسیار دەکات لە دەرئەنجامەکانی هەر ڕووداوێک یان کارەساتێک کە بەهۆی سیاسەتی بە ئەنقەستی ئیسرائیلەوە لە گیربوونی سیستەمی ئاسمانی گەشتیاری و زەمینی، و هەروەها بە ئەنقەست ئامێرەکانی وەرگرتن و گواستنەوەی سیگناڵەکان تێکدەدات".

لوبنان وردەکاری ورد و تایبەتی سەبارەت بەو ڕێوشوێنە ئیسرائیلییانەی نەخستەڕوو کە سیستەمی ئاسمانی گەشتیاری تێکداوە.

لای خۆیەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لوبنان ڕێگە بە حزبوڵڵا دەدات لە خاکەکەیەوە هێرش بکاتە سەر هاووڵاتییانی مەدەنی ئیسرائیل.

ئاماژەی بەوەشکرد، لوبنان دوا وڵاتە کە باس لە سەروەری دەکات و ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لەخۆدەگرێت کە دەیان هەزار هاووڵاتیی ئاوارە کردووە.

حیزبوڵڵای لوبنان لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ لە غەززە پێنج مانگ لەمەوبەر لە سەر سنوورەکان و بۆ سەر ئیسرائیل تەقە دەکەن.