سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان دەچێتە سەر سنووری غەززە

ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس، سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان
ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس، سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان

K24 – هەولێر

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارە ئەمڕۆ شەممە (23ی ئایاری 2024) بچێتە سەر سنووری میسر - غەززە و جەخت لە پەیامی ئاگربەست بکاتەوە لە پێناو گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان.

سەردانەکەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێکدا، ئیسرائیل پێداگرە بێ پشتیوانی ئەمەریکا لەم نزیکانە هێرشی زەمینی بکاتە سەر شاری ڕەفەح کە زیاتر لە 1.5 ملیۆن ئاوارەکانی کەرتی غەززە لەو شارە کۆبوونەوەتەوە. ئەمەش هۆکارە نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان لێ بکەوێتەوە و هۆشداری بدەن لە ئەگەری ڕوودانی کارەساتێکی گەورەی مرۆیی بەهۆی هێرشی سوپای ئیسرائیل.

لەلایەن خۆیەوە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، لە دوو هەفتەی رابردوودا دانووستانەکان بەرەوپێشچوونی بەخۆوە بینیوە دەرباری ئاڵوگۆڕی بارمتەکان، بەڵام قۆناغی کۆتایی قورسە، هەربۆیە کاری زۆر هەیە، دەبێت بیکەن. هەروەها بەئیسرائیل دەبێت بیزانێت، ئۆپراسیۆنی زەمینی رێگەیەک نییە بۆ لەناوبردنی حەماس و دابینکردنی سەقامگیریی بۆخۆی. بەڵکو مەترسی دەخاتە سەر ژیانی خەڵکی سڤیل، وێرانکاریی زیاتری بەدوادادێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئیسرائیل لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زیاتر گۆشەگیر بکرێت.

بڕیارە گۆتێرێس لەو سەردانەیدا لە سنووری میسر لەگەل کارمەندانی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان کۆببێتەوە کە چاوەڕێ دەکەن بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ دەربازکردنی هاوکارییەکانی بۆ غەززە. هاوکات بڕیاربوو ئەمڕۆ شەممە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ دەنگدان لە سەر پرۆژە بڕیارێکی ئەمەریکا بۆ ئاگربەستی شەڕی ئیسرائیل و حەماس کۆببێتەوە، بەڵام ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی ئاسایشی بۆ دووشەممەی ئەم هەفتەیە دواخراوە.

هەروەها هەینی (22ی ئایاری 2024) ڕووسیا و چین پڕۆژە بڕیارەکەی ئەمەریکایان لەبارەی ئاگربەستی غەززە ڤیتۆ کرد، هەرچەندە نوێنەری ئەمەریکا رایگەیاند، ئامانجی سەرەکیان راگەیاندنی ئاگربەستە لە غەززە. بەڵام ڤاسيلی نيبينیزيا، نوێنەری ڕووسیا ڕایگەیاندوە، پڕۆژە بڕیارەکەی ئەمەریکا هەوڵێکە بۆ ئەوەی ئیسرائیل لە سزادان ڕزگار بکرێت.