کۆکراوەی سەرجەم کورتە چیڕۆکەکانی (فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی) وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردی

K24 - هەولێر

کۆکراوەی چیڕۆکی "ژنی پیاوێکی تر" کە کۆکراوەی سەرجەم کورتەچیڕۆکەکانی فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی گەورە نووسەری ڕووسییە، لەلایەن دوو وەرگێڕی کورد، کەیوان هەورامی و سیما ئاکۆ وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردی.

وەرگێڕ سیما ئاکۆ، دەربارەی وەرگێڕانی کتێبەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند: کۆ چیڕۆکی (ژنی پیاوێکی تر) کە کۆکراوەی سەرجەم کورتەچیڕۆکەکانی فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی گەورە نووسەری ڕووسییە. ئەو کتێبە بە وەرگێڕانی من و کەیوان هەورامییە، کە دەبێتە هاوەڵی کتێبە ئەدەبییەکانی نێو رەفەی کتێبخانەکانمان.

گوتیشی: ئەو پەرتووکە لە چواردە کورتە چیڕۆکی دۆستۆیڤسکی پێکهاتووە، کۆی کورتە چیڕۆکەکانی وەکو، خەونی پیاوی گاڵتەجاڕ، بەڕێز پڕۆخارچین، بچکۆڵی پاڵەوان، پۆڵزونکۆف، ماریی وەرزێڕ، دڵی لاواز، نازدار، بۆبۆک، تیمساح. کەیوان هەورامی لە زمانی فارسییەوە کردوونی بەکوردی و منیش لەزمانی ئینگلیزییەوە وەرمگێڕاون، کە هەردووکمان هاوکاربووین لە پێداچوونەوە و بەراوردکردنی زمانەوانی و واتاییدا بۆ تەواوی کورتە چیڕۆکەکان.

دەشڵێت: ئەو چیڕۆکانە چەندین تێم، سیمبول و ئایدیای جیاواز لەخۆ دەگرن، بەگشتی سەر بە ژانرەی جیاجیان و لەرووی داڕشتن و ناوەڕۆکەوە هەمەچەشنن، کۆکردنەوە و وەرگێڕانی پێکڕای کورتەچیڕۆکەکانی دۆستۆیڤسکی لەیەک بەرگدا و بەزمانێکی یەکدەست و پاراو، بەبێ ئەوەی شپرز و تاک تاک و لێرە و لەوێ پەرت بکرێن، هەنگاوێکی نوێیە لەبواری وەرگێڕانی بەرهەمەکانی ئەو نووسەرەدا. منیش شادحاڵم کە توانیم لەمساڵ و لەماوەی چەند مانکی رابردوودا کار لەسەر ئەم بەرهەمە بکەم و هیواخوازم بەزوویی جێگای خۆی بکاتەوە.