سێنتکۆم: پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکانمان تێکشکاند

فەرماندەی هێزەکانی ناوەندی ئەمەریکا (سێنتکۆم)
فەرماندەی هێزەکانی ناوەندی ئەمەریکا (سێنتکۆم)

K24 - هەولێر

فەرماندەیی هێزەکانی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند، هێزەکانیان پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکان لە باشووری دەریای سووردا تێک شکاندووە.

فەرماندەیی هێزەکانی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، حوسییەکان چوار مووشەکی بالیستی دژە کەشتییان لە دەریای سوور لە نزیک کەشتی نەوتهەڵگری  (M/V Huang Pu)، کە لەلایەن چینەوە بەڕێوەدەبرێت و ئاڵای پەنامای هەڵکردووە، هەڵداوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، مووشەکی پێنجەمی بالیستی دەستنیشان کرا و بەرەو کەشتیی هوانگ پو هەڵدرا، کەشتییەکە بە کاتێکی قورسدا تێپەڕی، بەڵام داوای هاوکاری نەکرد و زیانێکی کەمی بەرکەوت و هیچ زانیارییەک لە بارەی قوربانییانەوە نییە، بەڵام ئەو ئاگرەی لەناو کەشتییەکەدا دروست بوو بەماوەی 30 خولەک کوژاوەتەوە. دواتر کەشتییەکە دەستی بە ڕێڕەوی خۆی کردووە.

سێنتکۆم دەشڵێت: "هەرچەندە پێشتر حوسییەکان رایانگەیاندبوو کە هێرش ناکەنە سەر کەشتییە چینییەکان، بەڵام ئەمجارە ئامانجەکەیان ئەو کەشتییە  چینییە بوو."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانی ئەمەریکا بە کەشتیی (USS Carney)یشەوە، لەگەڵ شەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکان لە ئاسمانی باشووری دەریای سووردا تێکشکاندووە و پێنج فڕۆکەیان لە دەریای سووردا کەوتووەتە خوارەوە. بەڵام یەکێکیان گەڕایەوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان خۆیان.

لە کۆتایشدا رایگەیاند، ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە هەڕەشەن بۆ سەر ئەمەریکا و هاوپەیمانان و کەشتییە بازرگانییەکانی ناوچەکە و ئێمە "ئەم ڕێوشوێنانە بۆ پاراستنی ئازادی کەشتیوانی و سەلامەتی و ئاسایشترکردنی ئاوە نێودەوڵەتییەکان دەگیرێنەبەر بۆ کەشتییە ئەمەریکییەکان و هاوپەیمانییەکان و بازرگانەکان".