سندووقی نێودەوڵەتیی دراو بۆ ئۆکرانیا: پێویستە قەرزەکانت بدەیتەوە

دراوی ئۆکرانی
دراوی ئۆکرانی

K24 - هەولێر

بەپێی داتاکانی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو، ئۆکرانیا دەبێت ئەمساڵ دوو ملیار و 900 ملیۆن دۆلار قەرزەکانی سندووقی  نێودەوڵەتیی دراو بداتەوە و لە حەوت ساڵی داهاتووشدا 11.5 ملیار دۆلاری دیکە بداتەوە.

ئۆکرانیا 11.1 ملیار دۆلار قەرزاری سندووقی  نێودەوڵەتیی دراوە، بەپێی داتاکانی سندووقەکە، لە ماوەی 2024-2031 ئۆکرانیا دەبێت 3.3 ملیار دۆلار سوود بە سندووقەکە بدات.

لە ساڵی 2024دا، کیێڤ دەبێت دوو ملیار و 900 ملیۆن دۆلار بداتە سندووقی نێودەوڵەتیی دراو، کە دەکاتە 6.4%ی داهاتی بودجەی ئۆکرانیا بۆ ئەمساڵ،  ساڵی 2025 پارەدانەکە بۆ زیاتر لە سێ ملیار دۆلار بەرز دەبێتەوە،  ساڵی 2026، دەگاتە 2.5 ملیار دۆلار.

هەروەها ئۆکرانیا دەبێت لە ماوەی ساڵانی 2027 تاوەکو 2031، ئەو شەش ملیار دۆلارە قەرزەی کە ماوە بە سندووقی نێودەوڵەتیی دراو بداتەوە .

بودجەی ئۆکرانیا بۆ ساڵی 2024 خەرجییەکانی 86 ملیار دۆلارە و داهاتیشی 45 ملیار دۆلارە، واتە کورتهێنانی بودجەی ئۆکرانیا دەگاتە 41 ملیار دۆلار.

ئێستە ئۆکرانیا پاڵپشتیی دارایی لە ڕۆژئاوا وەردەگرێت و لە داهاتوودا کیێڤ بۆ گەیشتن بە توانای دارایی، ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە.