ئاكرێ هەنگاوێك لە بردنەوەی خولی نایابی كوردستان نزیك دەبێتەوە

عومەر بیبۆ كاپتنی زاخۆ دەیەوێت تۆپێك بەرامبەر دوو یاریزانی برایەتی كۆنترۆڵ بكات. 25 ئاداری 2024 ـ فۆتۆ: كارمەند
عومەر بیبۆ كاپتنی زاخۆ دەیەوێت تۆپێك بەرامبەر دوو یاریزانی برایەتی كۆنترۆڵ بكات. 25 ئاداری 2024 ـ فۆتۆ: كارمەند

لە گەڕی 26ـەمی خولی نایابی كوردستان، یانەی ئاكرێ سوودمەندی یەكەمی ئەم هەفتەیە بووە، بەوپێیەی ركابەرەكانی سەركەوتنیان تۆمار نەكرد، دوایینیان یانەی شێروانە بوو لە نێو یاریگەی خۆی نەیتوانی لە رانیە بباتەوە، لە لایەكی دیكەیشەوە برایەتی ریمۆنتادای بەسەر زاخۆدا كرد.


برایەتی ـ زاخۆ
برایەتی دوای دوو شكستی لەسەریەك ئەمجارەیان میوانداریی زاخۆی كرد، بەڵام لەم یارییە برایەتی بە راهێنەرێكی نوێ پێشوازی لە میوانەكەی كرد، كە تێیدا یونس سلێمان سەرپەرشتی یەكەمین یاریی كرد وەكو راهێنەری نوێی سەوزپۆشەكانی پایتەخت، هەروەها یەكەمین سەركەوتنیشی بۆ یانەكە تۆمار كرد.
لە خولەكی 38 زاخۆ لە رێگەی بەیار زەكی بە گۆڵێك پێشكەوت، ئەمە سێیەمین گۆڵی ئەم یاریزانە بوو لەم وەرزەی خولی نایابی كوردستان، نیوەی یەكەم بەم تاكە گۆڵە لە بەرژەوەندی سوورپۆشەكانی زاخۆ كۆتایی هات.
لە كۆتاییەكانی نیوەی دووەم برایەتی ریمۆنتادای بەسەر زاخۆ دا كرد، لە خولەكی 82 گەیلان سەركەوت كە لە نیوەی دووەم هاتە نێو یاریگە بە ئاسیستی بیلال ساڵح گۆڵی بەرامبەربوونی تۆمار كرد.
پێش ئەوەی ناوبژیوان فیكەی كۆتایی یارییەكە لێ بدات، ناوەراستكارە كەلارییەكەی برایەتی بیلال ساڵح بە لێدانی پێناڵتی گۆڵی پێشكەوتن و سەركەوتنی لە یارییەكە تۆمار كرد.
برایەتی بە 31 خاڵ بۆ خانەی یازدەیەمی ریزبەندی سەركەوت، هەنگاوێكی دیكە لە مەترسی دابەزین بۆ خولی پلەیەك دووركەوتەوە، لە بەرمبەردا زاخۆ بە 35 خاڵ لە خانەی حەوتەم جێگیر بوو.

هەولێر ـ دهۆك
لە نێو یاریگەی دووەمی فرەنسۆ هەریری هەولێر میوانداریی دهۆكی كرد، لە دەستپێكی یارییەكە هەولێر لە خولەكی 11 لە رێگەی بارزان شێرزاد بە گۆڵێك پێشكەوت، یارییەكە تا كۆتایی بەم تاكە گۆڵە گۆڵە لەبەرژەوەندی زەردپۆشەكانی پایتەخت كۆتایی هات.
هەولێر هەشتەمین سەركەوتنی لەم وەرزە تۆمار كرد و بە 31 خاڵ بۆ خانەی دوازدەیەم سەركەوت و هەنگاوێك لە ناوچەی مەترسی دابەزین دووركەوتەوە، لە بەرامبەردا دهۆك بە 32 خال خانەی دەیەمی ریزبەندی گرتەوە.

شێروانە ـ رانیە
لەم یارییە شێروانە دەرفەتی گەڕانەوەی بۆ خولی نایابی كوردستان لەدەست دا، بۆ پێنجەمین یاریی لەسەریەك نەیتوانی سەركەوتن تۆمار بكات.
یانە كەلارییەكە لە نێو یاریگە بەردەم هاندەرانی لەگەڵ ئاكرێ بەبێ گۆڵ یەكسان بوو، بەم ئەنجامەش شێروانە بە 42 خاڵ پلەی سێیەمی گرتووە، رانیەش بە 37 خاڵ لە پلەی چوارەم دێت.

شەقڵاوە ـ هەندرێن
شەقڵاوە لە نێو یاریگەی خۆی دوو خاڵی بەرامبەر هەندرێن لەدەست دا، لە كۆی 26 یاری، ئەمە دوازدەیەمین یەكسانبوونی شەقڵاوە بوو، بەم ئەنجامەش شەقڵاوە بە كۆكردنەوەی 30 خاڵ لە پلەی سێزدەیەم دێت، یانەی هەندرێنیش بە 36 لە ریزبەندی شەشەم مایەوە.

.

 

.
.