لە دێرەزوور بنکە و بارەگای گرووپەکانی نزیک لە ئێران بۆردومان کرا

لە نێو کوژراوەکاندا بەرپرسێکی سوپای پاسدارانی ئێران هەیە
بنکەیەکی بۆردومانکراوی دێرەزوور - وێنە ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ
بنکەیەکی بۆردومانکراوی دێرەزوور - وێنە ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ

K24- هەولێر

لە هێرشێکی ئاسمانیدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە (26ی ئاداری 2024) بنکە و بارەگای گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێرانی لە سنووری پارێزگای دێرەزووری سووریا کرانە ئامانج و بە گوێرەی زانیارییەکان سەرکردەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران ناسراو بە حاجی عەسکەر لە نێو کوژراوەکاندایە.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، ئاشکرا نەبووە هێرشەکە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکاوە یان هێزی ئاسمانی ئیسرائیل کراوە، بەڵام چەند کاتژمێرێک دوای نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی ئێرانی لە فڕۆکەخانەی دێرەزوور، بنکە و بارەگای گرووپە میلیشیاکان لە کێڵگەکانی مەیادین، بوکەمال، ناوچەی عەباس و بارەگایەکیش لە گەڕەکی فەیلاتی شاری دێرەزوور کرانەتە ئامانج.

ڕوانگەی ئاماژەیداوە، بە گوێرەی ئامارە سەرتاییەکان لەو بنکەیەی چەکداران کە لە گەڕەکی فەیلاتی شاری دێرەزوور، جگە لە حاجی عەسکەر سەرکردەی سوپای پاسدارانی ئێران، حەوت چەکداری دیکەی ئێرانی کوژراون.

هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕوانگەی سووری، ئەو فڕۆکە ئێرانییەی لە فڕۆکەخانەی سەربازی دێرەزوور نیشتووەتەوە، چەند کاتژمێرێک پێشتر لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق بە بارێکی لۆجستییەوە فڕیوە و چەند ئەندامێکی سوپای پاسدارانیشی تێدابووە.

لەلایەکی دیکەوە چەند سەرچاوەیەکی دیکەی هەواڵی ناوخۆیی سووریا بڵاویانکردووەتەوە، هێرشە ئاسمانییەکە کۆبوونەوەیەکی گرووپە میلیشیاکانی ئێرانی لە شاری بوکەمالی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور کردووەتە ئامانج.

هەروەها سوپای پاسدارانی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلیگرام بڵاویکردووە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا شارەکانی بوکەمال، مەیادین و ناوچەی قسووریان لە سنووری پارێزگای دێرەزوور بۆردومان کردووە و بە گوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان زیاتر لە 20 کەس بریندار بوون لە نێویاندا ئافرەت و منداڵ هەن.