ئیسماعیل هەنیە بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس گەیشتە تاران

عەلی خامنەیی و ئیسماعیل هەنیە - وێنە: ئەرشیف
عەلی خامنەیی و ئیسماعیل هەنیە - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر

ئیسماعیل هەنیە بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای بزووتنەوەکە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە (26ی ئاداری 2024) گەیشتە تاران.

سوپای پاسدارانی ئێران بەر لە میدیا فەرمییەکانی وڵاتەکەی هەواڵی گەیشتنی هەنیەی بۆ تاران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلیگرام بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، بڕیارە هەنیە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، کۆنفرانسێکی هاوبەشی رۆژنامەوانیان هەبێت.

لەوەتەی شەڕی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو دەستی پێکردووە، ئەمە دووەم سەردانی ئیسماعیل هەنیە بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماسە بۆ ئێران.

سەردانەکەی هەنیە یەک رۆژ دوای پەسەندکردنی بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە بۆ ئاگربەستی شەڕ لە غەززە و هاوکاتە لەگەڵ ئەو راگەیەندنەی دەزگای ئاسایشی گشتی ئیسرائیل کە بە شاباک ناسراوە و ئاشکرایکردووە، شکستیان بە هەوڵێکی گەورەی ئێران هێناوە بۆ گەیاندنی چەکی پێشکەوتوو و دژە تانک بۆ چەکدارانی فەڵەستنی.

شاباک لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیداوە، یەکەی ئۆپراسیۆنی تایبەتی سوپای پاسدارانی ئێران بەسەرکردایەتی جەواد غەفاری هەوڵیداوە ئەو پشتیوانییە لۆجستییە بگەیەنێتە کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین.