رۆمانی "هەڵاتن بەرەو لووتکە" به‌ زمانی فارسی بڵاوکرایەوە

چاپکراوی نوێ
چاپکراوی نوێ

K24 - هەولێر

 رۆمانی ئومێد "هەڵاتن بەرەو لووتکە" کە چاپێکی نوێیە لە نووسینی نووسەر ئەحمەد زاوێتەیی، لە دوو توێی 272 لاپەڕە پێکهاتووە خرایە بەردیدی خوێنەران به‌ زمانی فارسی.

ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی ئاداری 2024، ئەحمەد زاوێتەیی نووسەر و ڕۆژنامەنووس، لە رۆمانی ئومێد "هەڵاتن بەرەو لووتکە"دا  بەشێک لە کۆچی کوردەکان لە ساڵی 1991 لەسەر سنووری ئێران و تورکیا وێنا دەکات، تێیدا نووسەر لە ناوەڕۆکی کتێبەکە ئەوەی خستووەتە ڕوو، "لە کۆچڕەوە ملیۆنییەکە و لەم هەڵاتنە بە کۆمەڵە زیاتر شتێکی دیکە بۆ من نەمایەوە، دەشکرێت ناو بنێین کۆچڕەوی ملیۆنی بەرەو سنووری تورکیا، ئەمەش ئەو ڕۆژانە بوو کە بۆ 26 ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە. ئەو کاتە ڕاپەڕینە 15 رۆژەکەمان لە بەردەم سوپای عێراق ڕووخا و هێزی خۆمان لە دەستدا، هەموو بە ژن و پیاو و منداڵ و پیر و پەککەوتە هەڵاتین، ئەمە ڕووداوێک بوو لە کاتی خۆی جیهانی هەژاند و دواتر ڕووداوەکانی دیکەی بەدوای خۆیدا هێنا."

لە ڕۆمانی ئومێد "هەڵاتن بەرەو لووتکە" ئەوە خراوەتە ڕوو، 10 ڕۆژ بەپێ بەرەو سنوور ڕۆشتون، تێیدا کەژو کێوەکانیش هێرشیان بۆ هێناون، ئەمەش وایلێکردون متمانە بەو قسەش نەکەن کە دەڵێت، "کورد جگە لە چیاکان دۆستی دیکەی نییە"، ئەو کات چیاکانیش پشتیان لە دۆستایەتی کورد کرد.

ڕۆمانی ئومێد کە پێشتر بە زمانه‌كانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی چاپکرابوو، ئێستا لەلایەن شاعیر و ڕۆژنامەنووس "گۆڵباخ بەهرامی" وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی و لە 272 لاپەڕەدا چاپ کراوە.

ڕۆمانەکەی ئومێد چیرۆکی گەنجێکی کوردە کە دوای چەندین ساڵ دەگەڕێتەوە دهۆک و بە چەندین فلاشباک مامەڵە لەگەڵ ڕووداوە دڵتەزێنەکانی کۆچی کورد لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 دەکات.

نووسەری کتێبەکە، خاوەنی مێژووی ڕۆژنامەگەری بە زمانی عەرەبی و کوردی، بەرهەمی دیکەی بە زمانی کوردی و عەرەبی چاپ کردووە. هەروەها ئەحمەد زاوێتەیی، نووسەر و ڕۆژنامە نووس خاوەنی 14 کتێبە کە دوو کتێبیان رۆمانە.