تایلۆر یارییە ئاگرینەکەی پرێمەرلیگ بەڕێوە دەبات

ئانتۆنی تایلۆ - ناوبژیوانی ئینگلیزی
ئانتۆنی تایلۆ - ناوبژیوانی ئینگلیزی

ئانتۆنی تایلۆر وەکو ناوبژیوانی یاریی نێوان مانچێستەر سیتی و ئارسێناڵ لە گەڕی 29ـی پرێمەرلیگ دیاری کرا و ئەو یارییە ئاگرینەی لە ئەستۆدایە.

ئەنجومەنی پرێمەرلیگی ئینگلتەرا بڵاویکردەوە، ئانتۆنی تایلۆر، وەکو ناوبژیوانی یاریی لووتکەی گەڕی 29ـی پرێمەرلیگ، لە نێوان مانچێستەر سیتی و ئارسێناڵ دیاریکراوە، کە بڕیارە رۆژی 31ـی ئەم مانگە، هەردوو یانە لە یاریگای ئیتیحاد ڕووبەڕووی یەکتری ببنەوە.

مانچێستەر سیتی ئەم وەرزە لە کۆی 28 یاریی لە پرێمەرلیگ، خاوەنی 63 خاڵە و لە پلەی سێیەمی ڕیزبەندی دێت، لە بەرامبەردا ئارسێناڵیش خاوەنی 64 خاڵە و بە جیاوازیی تەنها یەک خاڵ، پێشەنگایەتی پرێمەرلیگی گرتووە.

ئانتۆنی تایلۆر پێشتر تەنها یەک یاریی لە نێوان هەردوو یانەی مانچێستەر سیتی و ئارسێناڵ ناوبژیوانی کردووە، ئەویش لە وەرزی 2019 بۆ 2020 بوو، لەو یارییەش مانچێستەر سیتی توانی بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێوەڵام بردنەوە یارییەکە بباتەوە.

ناوبژیوانە 45 ساڵانەکە ئەم وەرزە لە پرێمەرلیگ 20 یاریی بەڕێوە بردووە، دوو یاریی مان سیتی و دوو یاریی دیکەی ئارسێناڵی ناوبژیوانی کردووە، هەروەها ئەو ناوبژیوانە یارییەکەی نێوان ئارسێناڵ و لیڤەرپوولیشی لەم وەرزە بەڕێوە بردووە.