کوردستان24 تاکە کەناڵی کوردییە ڕووماڵی یارییە گرنگەکان دەکات
کەناڵی کوردستان24 وەکو تاکە کەناڵ لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان، لە ماوەی 4 ڕۆژ ڕووماڵی دوو لە گرنگترین یارییەکانی جیهانی لە شاری مەدریدی ئیسپانیا کرد.
ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ڕێکەوتی 23ـی ئاداری 2024 ئەفسانەکانی ڕیاڵ مەدرید و پۆرتۆ لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ ڕووبەڕووی یەکتری بونەوە، لەم یارییە شکور محەممەد پەیامنێری کوردستان24 بە شێوەیەکی فەرمی لەلایەن یانە ئیسپانیەکەوە بانگهێشتی یارییەکە کرا و ڕووماڵێکی بەرفراوانی بۆ وەرزشدۆستان لە کوردستان کرد.
دوای سێ ڕۆژ، واتە سێ شەممە ڕێککەوتی 26ـی ئاداری 2024 بۆ دووەمجار کوردستان24 وەکو تاکە کەناڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان، بۆ ڕووماڵکردنی یارییە دۆستانەکەی نێوان ئیسپانیا و بەرازیل، بانگهێشتی یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ کرا و لەم یارییەش پەیامنێرمان شکور محەممەد رووماڵێکی بەرفراوانی یارییەکەی بۆ وەرزشدۆستان کرد.
کوردستان24 جاری یەکەم نییە لەلایەن یانەی ڕیاڵ مەدرید بانگهێشتی یارییە دیارەکان دەکرێت، پێشتریش چەندین جاری دیکە بانگهێشتی یارییەکانی لالیگا و جامی شای ئیسپانیا و چامپیۆنزلیگ کراوە.