وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق داتای هەزاران قوتابی تۆمارنەکردووە
K24 - هەولێر
وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق داتای زیاتر لە سێ هەزار قوتابی کۆلیژی "ئەلسەلام"ـی ئەهلی تۆمارنەکردووە. قوتابییەکان ناڕازین و داوای چارەسەرکردنی کێشەکە دەکەن.
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 27-03-2024، زیاتر لە سێ هەزار قوتابی بەشە جیاکانی قۆناغی چوارەمی کۆلیژی "ئەلسەلام"ـی ئەهلی لە بەغدا، لە بەردەم باڵەخانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق خۆپیشاندانیان دەستپێکرد.
لەبارەی هۆکاری خۆپیشاندانەکە، قوتابییەکان بە میدیا عێراقییەکانیان راگەیاندووە، چوار ساڵە لە کۆلیژەکە دەخوێنن و کرێی هەر چوار ساڵی خوێندنەکەیان بە تەواوەتی داوە، کەچی ئێستا بۆیان دەرکەوتووە هیچ داتایەکیان لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراقەوە تۆمارنەکراوە، بە قوتابی کۆلیژەکە هەژمارنەکراون و بڕوانامەیان پێ نادرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق بە قوتابییەکانی راگەیاندووە، هیچ داتایەکیانتۆمارنەکردووە و کۆلیژەکەیان لەو هەڵەیە بەرپرسیارە. کۆلیژەکەش بەرپرسیارێتییەکە دەخاتە ئەستۆی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق.
قوتابییان داوا لە وەزارەتەکە دەکەن بە هەر رێگەیەک بێت چارەسەری کێشەکەیان بۆ بکەن، چونکە وەکو خۆیان دەڵێن، دوای چار ساڵ خوێندن و پێدانی کرێی خوێندنی هەر چوار ساڵەکە، چارەنووسیان نادیارە.