رۆدیگێر سکاڵا لەسەر رۆژنامەنوسە ئەڵمانیەکە تۆمار دەکات

ئانتۆنی رۆدیگێر، بەرگریکارە موسڵمانەکەی یانەی ریاڵ مەدرید
ئانتۆنی رۆدیگێر، بەرگریکارە موسڵمانەکەی یانەی ریاڵ مەدرید

ئانتۆنی رۆدیگێر بەرگریکاری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا، رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسە دەگرێتە بەر، کە بە کەسێکی توندڕەو تۆمەتباری کردووە.

بەم دواییە ئانتۆنی رۆدیگێر بەرگریکاری موسڵمانی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا، وێنەیەکی لە کاتی نوێژ کردن بڵاوکردەوە، دوای بڵاوکردنەوەی وێنەکە، جولیان رایشێڵت سەرنوسەری رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی، لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، ئەو وێنەیەی رۆدیگەر ئاماژەیەکی بە نیشانەکانی رێکخراوی تیرۆرستی داعش، هەربۆیە داوای لە حکومەتی وڵاتەکەی کرد، لێکۆلینەوە لەگەڵ ئەو یاریزانەدا بکرێت.

ئاژانسی ئاسۆشیتێدپرێس بڵاویکردەوە، بەرپرسانی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا ئاگاداریان کردونەتەوە، لە رێگەی یاسایی سکاڵا لە دژی سەرنوسەری رۆژنامەی بیڵد تۆمار دەکەن، چونکە ئەو رۆژنامەنوسە تۆمەتی گەورەی بۆ بەرگریکاری هەڵبژاردەکەیان دروستکردووە.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەکە بڵاویشی کردەوە، خودی ئانتۆنی رۆدیگێر بەرگریکارە موسڵمانەکەی یانەی ریاڵ مەدرید وهەڵبژاردەی ئەڵمانیا، ئەویش لە رێگەی بەرێوەبەری کارەکانی، بڕیاریداوە رێکاری یاسایی، بەرامبەر سەرنوسەری رۆژنامەی بیڵد بگرێتەبەر.