کرووس لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید بەردەوام دەبێت

تۆنی کرووس، ناوەڕاستکاری یانەی ریاڵ مەدرید
تۆنی کرووس، ناوەڕاستکاری یانەی ریاڵ مەدرید

تۆنی کرووس ناوەڕاستکاری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، گرێبەستەکەی لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید تاوەکو ساڵێکی دیکە نوێ دەکاتەوە و لەگەڵ یانەکەشی گەیشتووەتە ڕێککەوتن.

تۆنی کرووس ناوەڕاستکاری ئەڵمانی یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانیا، هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتایی دێت و دەنگۆیەکیش هەبوو بەرپرسانی یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵیا هەوڵی گواستنەوەی دەدەن، بەڵام فابریزیۆ ڕۆمانۆڕرۆژنامەنوسی ئیتاڵی بڵاوی کردەوە، ناوەڕاستکارەکەی مانشافت لەگەڵ یانەکەی لە گفتوگۆدایە و چاوەڕێ دەکرێت گرێبەستەکەی بۆ ماوەی سالێکی دیکە نوێ بکاتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەنووسە ئیتاڵیەکە، بەڕێوەبەری کارەکانی کرووس لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو، لەگەڵ بەرپرسانی یانە شاهانەکە کۆبووەتەوە و هەردوولا ڕێککەوتنی سەرەتاییان کردووە، بڕیاریشە پێشکۆتایی هاتنی ئەم وەرزە، کرووس واژۆ لەسەر گرێبەستە نوێیەکەی بکات.

تۆنی کرووس لەوەتەی ساڵی 2014 لە ڕیزەکانی یانەی ریاڵ مەدرید یاریی دەکات، لەو کاتەوە لەگەڵ ئەو یانەیە لەسەرجەم خوڵ و پاڵەوانتیەکان، بەشداری 455 یاریی کردووە، خاوەنی 28 گۆڵ و 96 ئاسیستە، هەروەها 21 ناسناوی لەگەڵ یانە شاهانەکە بەدەستهێناوە.