بەهای دۆلار لە نزمترین ئاستی 10 مانگی رابردوودایە

بانکی ناوەندیی خستنەڕووی دۆلاری بەرێژەی 57% بەرزکردووەتەوە
دۆلار
دۆلار

K24 - هەولێر:

بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا زۆرترین هەڵکشان و داکشانی بەخۆیەوە بینی، ئێستا بەهای دینار لە بەرزترین ئاستی 10 مانگی رابردوودایە و قەبارەی خستنەڕووی دۆلاریش لەلایەن بانکی ناوەندییەوە زیادبوونێکی بەرچاوی تۆمارکردووە.

دوێنێ پێنجشەممە لەکاتی داخستنی بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان، بەهای 100 دۆلار بۆ 146 هەزار و 750 دینار دابەزی، ئەوەش نزمترین ئاستە کە بەهای دۆلار لەماوەی زیاتر لە 10 مانگی رابردوودا بەخۆیەوە بینیوە.

سەرەتای ئەم هەفتەیە، بەهای هەر 100 دۆلارێک نزیکەی 150 هەزار دینار بوو، بەڵام بەشێوەیەکی خێرا رووی لە دابەزین کرد، بەشێوەیەک؛ لەماوەی ئەو هەفتەیەدا بەهای هەر 100 دۆلارێک بە زیاتر لە سێ هەزار دینار دابەزیوە.

دابەزینی بەهای دۆلار هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی سەردانەکەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریکا، کە بڕیارە لە 15ی مانگی داهاتوو ئەنجامیبدات، سەرەڕای ئەوەش، فاکتەرێکی دیکەی بەهێز کە وایکردووە  بەهای دۆلار داببەزێت، لەماوەی رابردوودا خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بەشێوەیەکی بەرچاو رووی لە بەرزبوونەوە کردووە.

لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا بانکی ناوەندیی عێراق بەشێوەیەکی گشتی ملیارێک و 259 ملیۆن و 432 هەزار و 212 دۆلاری خستووەتەڕوو، لەو بڕەش 72 ملیۆن و 838 هەزار و 920 دۆلاری بەشێوەی کاش بووە.

بەو پێیەش تێکرای خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە لە ماوەی پێنج رۆژی ئەم هەفەتەیدا زیاتر بووە لە 251 ملیۆن دۆلار، بەشێوەیەکی گشتیش بەراورد بە هەفتەکانی رابردوو خستنەڕووی دۆلار بەرێژەی %57 بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە.