سارا پشتیوان: ئێمەی شاعیران پەنجە بۆ ئەو بابەتانە دەبەین کە خەریکن جوانیەکانیان لەدەست دەدەن

K24 - هەولێر

شاعیر "سارا پشتیوان" لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کوردستان24 گوتی: من لە بواری خۆشەویستیدا دەنووسم و بایەخ بە لایەنەکانی تریش دەدەم، بەڵام پێم وایە ئەوەی لەم سەردەمەی ئێستادا زۆرترین درۆی لەسەر دەکرێ و مانا ڕاستەقینەکەی شێواوە، خۆشەویستیە.

باسێکی ئەزموونی خۆت لە بواری نووسینی شیعر بکە؟

ئەزمونی 10 ساڵ نووسینم هەیە و بە گشتی هەشت ساڵێک دەبێت بڕیارم داوە نووسینەکانم لەبەرچاوی خوێنەرەکانم بێت،  ئیدی لە نێوان ئەو هەشت ساڵەدا بەدڵنیاییەوە بەهۆی نووسینەوە ئەزموونی چەند ئەرکێک و کۆبونەوە و هەندێک بابەتی جیاوازم کردووە، کە وای کردوە ببێتە هۆیەک تا زیاتر ئاشنای جیهانی نووسەران و شاعیرە ئازیزەکانمان بم.

بۆچی دەنووسیت؟

بۆ خۆم دەنووسم، پاشان ئەو ئازیزانەی نووسینەکانی منیان خۆش دەوێ، دەنووسم چونکە هەست دەکەم مرۆڤەکانی ئێستا هێندەی کاغەزێک باش گوێگر نەبن، دەنووسم چونکە پێم وایە تەنیا کاغەز حەوسەڵەی ئەوەی هەیە چەند پەڕەیەکی لەسەر بنووسی و گوێ بگرێت و بەڕاستی دەبێت ئینسان بەدوای هاوڕێیەکدا بگەڕێت کە گوێگرێکی باش بێت، جا ئیدی جاری وا هەیە ئەو هاوڕێیە قەڵەمە یان بۆردێکی وێنەکێشانە یان هەر شتێک کە مرۆڤ تینوویەتی ڕۆحی پێی دەشکێت.

نووسەری ڕاستەقینە کێیە؟

چەند پێوەرێک هەیە بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، بەڵام بە بۆچوونی من دوو پێوەریان سەریکی ترینن، یەکەمیان ئەوەیە نووسەر نابێ بەس لەناو شیعرو نووسینەکانیدا شاعیر و نووسەر بێت،  گرنگە لە ژیانی ڕاستیشدا نووسەر یان شاعیر بێت. دەبێت وێنەیەکی جوان پیشانی خوێنەرەکانی بدات. لە ژیانی ڕاستەقینەی خۆشیدا نموونەیەکی جوانی و ئەدەب بێت. خاڵی دووەم گرنگە بەهرەکەی لە ئاستێکدا بێت بتوانێت گوزارشت لە ناخی ئەوانی تریش بکات نەک تەنیا هەستەکانی خۆی؛ چونکە ئەرکی شاعیر و نووسەرەکان ئەوەیە ئەو هەستە قورسەی کەسانی تر نازانن دەریببڕن، ئەمان دەرخەری ئەو هەستانەیان بن.

 شیعرەکانت زیاتر هەڵگری چی پەیامێکە؟

من لە بواری خۆشەویستیدا دەنووسم و بایەخ بە لایەنەکانی تریش دەدەم، بەڵام پێم وایە ئەوەی لەم سەردەمەی ئێستادا زۆرترین درۆی لەسەر دەکرێ و مانا ڕاستەقینەکەی شێواوە، خۆشەویستیە. ڕەنگە ئەرکی ئێمە هەر ئەوە بێت پەنجە بۆ ئەو بابەتانە بەرین کە خەریکە جوانییەکەی لەدەست دەدات.

باشترین ڕێگا بۆ دەستپێکردن و کۆتایی هێنان بە شیعرەکە چییە؟

دەکەوێتەوە سەر شاعیر خۆی چۆن بڕیار لەسەر دەستپێک و کۆتایی شیعر دەدات و لە شیعرێکەوە بۆ شیعرێکی تر جیاوازی هەیە، بەڵام گرنگترین خاڵ ئەوەیە هەمان مانا کە لەسەرەتای شیعرەکە ئاماژەی پێکراوە بە هەمان مانا کۆتایی بێت.

فەلسەفەی تۆ چییە لە ڕووی شیعر نووسینەوە؟

من زۆر فەلسەفەم خۆشدەوێت و خوێنەرێکی زۆر باشی فەلسەفەم، پێم وایە خوێنەرەکانم باش لەو تێکەڵبوونەم بە فەلسەفە تێگەیشتوون، چونکە زۆربەی شیعرەکانم بە رێڕەوێکی فەلسەفەییدا تێپەڕ دەبن.

بە چ فۆرمێک شیعر دەنووسی، کلاسیک، ئازاد، یان ئەو پێکهاتەی خۆت دروستی دەکەی؟

من لە هیچ فۆرمێکدا نەماومەتەوە و بە هەموو جۆرێک دەنووسم. پێم خۆش نییە یەک شێوازی نووسین، نووسینی من بێت، چونکە پێم وایە گەر بۆ هەمیشە یەک شێواز هەڵبژێرم وەک ئەوە وایە هەموو ڕۆژێک یەک جۆر جل لەبەر شیعرەکانم بکەم، گەر وابکەم هەستدەکەم جیاوازی  لە نووسینەکانمدا دروست نابێت.

گەر باسی ڕەخنە بکەین، پێت وایە ڕەخنەی باش شیعری باش بەرهەمبهێنێت؟

 بێگومان هەر وایە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا لە ئێستادا رەخنەگران ناوێکی ڕازاوە نیە بۆ ئەو کەسانەی بەم ناوە و بەم باجە دەیانەوێت کۆمەڵێک ڕقی خۆیان دەربڕن، من زۆر ڕەخنەگرتنم خۆشدەوێت، بەڵام پێم وایە ئەوکەسە مافی ڕەخنەی هەیە کە شارەزای بووارەکەت بێت و ئامانجی ڕاست کردنەوەی بابەتەکەت بێت، نەک ئەوەی ئێستاکە بەناوی ڕەخنەوە ئاراستەی نووسەران دەکرێت.

پڕۆژەی نوێت چییە؟

کۆمەڵێک کاری تازەم بە دەستەوەیە کە ڕەنگە سوودی بۆ ئەزموونی شیعرنووسینم  هەبێت و ببێتە هۆی سوودێکیش بۆ کۆمەڵگاکەم. ئەوەی لە بواری ئەدەب دەکرێت هەموو کاتێک هەر سوودبەخشە، بۆیە با بمێنێت بۆ کاتی خۆی.

سارا پشتیوان، تەمەنی 22 ساڵە و قوتابی زانکۆی سلێمانیە لە بەشی ئابووری. زیاتر لە 10 ساڵ دەبێت ئەزموونی شیعر نوسینی هەیە و بە نزیکەی 600 تێکست و شیعری خراوەتە بەرچاوی خوێنەرەکانی.