ئامێرێکی نوێ و بەهێزی (MRI) یەکەمین وێنەی مێشکی مرۆڤ دەگرێت

ئامێرێکی نوێ و بەهێزی (MRI) یەکەمین وێنەی مێشکی مرۆڤ دەگرێت
ئامێرێکی نوێ و بەهێزی (MRI) یەکەمین وێنەی مێشکی مرۆڤ دەگرێت

K24 - هەولێر

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەری ئاژانسی فرانس پرێس  (AFP)، بەهێزترین سکانەری MRI لە جیهاندا یەکەم وێنەی خۆی لە مێشکی مرۆڤ گرت. بەمەش تەکنۆلۆجیای پزیشکی گەیشتە ئاستێکی نوێی وردبینی و پزیشکان لە رێگەی ئەم تەکنۆلۆجیایە هیوادارن ڕۆشنایی زیاتر بخەنە سەر نهێنییەکانی مێشکی مرۆڤ.

هاوکات ئەم تەکنۆلۆجیا ئامرازێکی پێشکەوتوو دەبێت بۆ دەستنیشانکردنێکی پێشوەختە بۆ ئەو نەخۆشییانەی کە هەڕەشەن بۆ تەندروستیی مێشک.

بە پێی ڕاپۆرتەکەی  (AFP)، توێژەرانی کۆمیسیۆنی وزەی ئەتۆمی فەرەنسا (CEA) بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2021 ئەم ئامێرەیان بەکارهێنا بۆ سکانی کوولەکەیەک، بەڵام لەم دواییانەدا دەسەڵاتدارانی تەندروستی گڵۆپی سەوزیان بۆ سکانی مێشکی مرۆڤ هەڵکرد.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەشی بەوە داوە، لە چەند مانگی ڕابردوودا نزیکەی 20 خۆبەخشی تەندروست خۆبەخشانە لەم ئەزموونە بەشدار بوون. شوێنی ئەم تەکنۆلۆژیایە نوێیەکەش  دەکەوێتە ناوچەی پلاتو دی ساکلای باشووری پاریس و هاوکات شوێنی زۆرێک لە کۆمپانیا و زانکۆکانی تەکنەلۆژیایە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی (AFP)، ئەلێکساندەر ڤیگنۆ، زانای فیزیایی کە لەسەر پڕۆژەکە کار دەکات دەڵێت: "ئێمە ئاستێکی وردبینیمان بینیوە کە پێشتر لە سەنتەرەکەمان پێنەگەیشتبووین".

ئەو کێڵگە موگناتیسییەی کە سکانەرەکە دروستی کردووە، 11.7 تێسلایە، یەکەیەکی پێوانەکردن کە بە ناوی داهێنەر نیکۆلا تێسلایەوە کراوە.

ئەم هێزە ڕێگە بە ئامێرەکە دەدات وێنەکان بە وردیەکی 10 هێندە زیاتر لەو  (MRI)انەی کە بە شێوەیەکی باو لە نەخۆشخانەکاندا بەکاردەهێنرێن سکان بکات. جێی ئاماژە پێدانە کە هێزی سکانکردنی ئامێرە ئاساییەکانی (MRI) بەدەگمەن لە 3 تێسلا تێپەر دەکات.

لە شاشەی کۆمپیوتەرێکدا، ڤیگنۆ ئەو وێنانەی بەراورد کرد کە لەلایەن ئەم سکانەر بەهێزەوە گیراوە کە ناوی ئیزۆلت (Iseult)ی لێنراوە، لەگەڵ ئەوانەی لە MRI ئاساییەوە وەرگیراون.

لە راپۆرتی ئاژانسی فرانس پرێس هاتووە کە ئەلێکساندەر ڤیگنۆ ئاماژە بەوە دەدات کە، "بەم ئامێرە دەتوانین ئەو بۆرییە بچووکانە ببینین کە خۆراک دەدەن بە مێشک، یان وردەکارییەکانی مێشکۆڵە کە تا ئێستا نەبینراوە".

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، سیلڤی ڕیتایلۆ، وەزیری توێژینەوەی فەرەنسا کە خۆی فیزیازانە، دەڵێت "ئەستەم بتوانرێ لەم ئاستەی وردی و دروستی  ئامێرەکە باوەڕبکەی!"

لە بەیاننامەیەکدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس ، سیلڤی ڕیتایلۆ ڕایگەیاندووە، "ئەمە یەکەمجارە لە جیهاندا ڕێگەیەک بدۆزرێتەوە بۆ چارەسەرکردنی باشتری نەخۆشییەکانی مێشک".

ڕووناککردنەوەی ناوچەکانی مێشک

راپۆرتەکەی ئاژانسی فرانس پرێس ڕوونیدەکاتەوە کە لەناو سلندەرێکدا کە درێژییەکەی و بەرزاییەکەی پێنج مەتر (16 پێ)ە، ئامێرەکە موگناتیسی 132 تۆنی تێدایە کە بە کویلێک کاردەکات کە کارەبای 1500 ئەمپێری هەڵدەگرێت.

دەرگایەکی 90 سانتیمەتر (3 پێ) هەیە بۆ ئەوەی مرۆڤ بخلیسکێتە ناویەوە.

دیزاینەکە دەرئەنجامی دوو دەیە لێکۆڵینەوەیە لە لایەن کاری هاوبەشانەی ئەندازیارانی فەرەنسی و ئەڵمانی.

ئەمریکا و کۆریای باشوور کار لەسەر ئامێری MRI بەهێزی هاوشێوە دەکەن، بەڵام هێشتا دەستیان بە سکانکردنی وێنەی مرۆڤ نەکردووە.

یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی سکانەرێکی بەهێزی لەو شێوەیە، باشترکردنی تێگەیشتنمانە لە ئەناتۆمی مێشک و زانینی ئەوەی کە کام ناوچە چالاک دەبێت کاتێک مرۆڤ ئەرکێکی تایبەت ئەنجام دەدات.

زانایان پێشتر MRI یان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی نیشان بدەن کە لە چێ کاتێک و کام ناوچەی مێشک چالاک دەبێت کاتێک مرۆڤ شتە تایبەتەکان دەناسێتەوە -- وەک دەموچاو، شوێن یان وشە.

راپۆرتەکەی ئاژانسی فرانس پرێس ئاماژە بەوە دەکات کە نیکۆلاس بۆلانت، بەڕێوەبەری زانستی پڕۆژەکە دەڵێت، بەکارهێنانی هێزی 11.7 تێسلا یارمەتی ئیزۆلت دەدات "باشتر لە پەیوەندی نێوان پێکهاتەی مێشک و ئەرکە مەعریفیەکان تێبگات، بۆ نموونە کاتێک کتێبێک دەخوێنینەوە یان کردەیەکی هزری ئەنجام دەدەین".

سەبارەت نەخۆشی ئەلزەهایمەر

راپۆرتەکەی ئاژانسی فرانس پرێس ئەوەشی خستووەتەڕوو، توێژەران هیوادارن کە هێزی سکانەرەکە بتوانێت ڕۆشنایی بخاتە سەر میکانیزمە ئالۆز و لێلەکانی پشت نەخۆشییەکانی تێکچوونی دەمارەکانی مێشک، وەک پارکینسۆن یان ئەلزەهایمەر. هەروەها یارمەتیدەریشە بۆ دۆزینەوەی هۆکاری حاڵەتە دەروونییەکانی وەک خەمۆکی یان شیزۆفرینیا.

ئان-ئیزابێل ئیتیانڤرێ، توێژەری  CEA، دەڵێت: "بۆ نموونە دەزانین کە ناوچەیەکی تایبەتی مێشک - هیپۆکامپوس - پەیوەندی بە نەخۆشی ئەلزەهایمەرەوە هەیە، بۆیە هیوادارین بتوانین بزانین خانەکان لەم بەشەی مێشکدا چۆن کاردەکەن".

هەروەها زاناکان هیوادارن لەوەش تێبگەن کە هەندێک دەرمان، وەک لیتیۆم، کە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی دەروونی دوو جەمسەری بەکاردەهێنرێن، چۆن لە ڕێگەی مێشکەوە دابەش دەبن.

ئەو کێڵگە موگناتیسییە بەهێزەی کە بەهۆی MRI دروست دەبێت، وێنەیەکی ڕوونتر دەدات کە کام بەشەکانی مێشک لەلایەن لیتیۆمەوە دەکرێنە ئامانج. ئەمەش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دیاریکردنی ئەوەی کام نەخۆش باشتر یان خراپتر وەڵامی دەرمانەکە دەداتەوە.

ئیتیانڤرێ دەشڵێت: "ئەگەر بتوانین باشتر لەم نەخۆشییە زۆر زیانبەخشانە تێبگەین، دەتوانین  زووتر دەستنیشانیان بکەین و هەربۆیە باشتریش چارەسەریان بکەین."

راپۆرتەکەی ئاژانسی فرانس پرێس ڕوونیدەکاتەوە کە بۆ داهاتوویەکی نزیک نەخۆشە ئاساییەکان ناتوانن هێشتا سوود لە ئامێری ئیزۆلت وەرگرن.

بەڕێوەبەری زانستی پڕۆژەکە, بۆلانت, گوتی ئامێرەکە "هێشتا وەک ئامرازێکی دەستنیشانکردنی کلینیکی بەکارنایەت، بەڵام هیوادارین ئەو زانیاریانەی کە بەدەستمان خستووە دواتر بتوانرێت لە نەخۆشخانەکاندا بەکاربهێنرێن".

لە چەند مانگی داهاتوودا چەندین گروپی خۆبەخشی دیکە بەذار دەبن لە گەرێکی نوێی تێست و ئەزموونی زیاتر بۆ ئەوەی مێشکیان لەرێی ئەم ئامێرەوە سکان بکرێت.

 

وێنەی مێشک
وێنەی مێشک