تەندروستی جیهانی: کۆمەڵگەی پزیشکیی شیفا بووەتە خۆڵەمێش و گۆڕستان

دیمەنی وێرانەییەکانی نێو بەشێکی کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا - کەرتی غەززە
دیمەنی وێرانەییەکانی نێو بەشێکی کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا - کەرتی غەززە

K24 - هەولێر

تێدرۆس ئەدهانۆم سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی؛ دواجار تیمێکی تایبەتی تەندروستی جیهانی گەیشتنە نێو کۆمەڵگەی پزیشکیی شیفا لە کەرتی غەززە، بەڵام بووەتە قاوغێکی بەتاڵ و گۆڕستان.

ئەدهانۆم دەڵێ: ڕۆژانێک کۆمەڵگەکە بڕبڕەی پشتی کەرتی تەندروستیی غەززە بوو، بەڵام دوای گەمارۆدان و هێرشەکردنە نێو نەخۆشخانەکە لەلایەن سەربازەکانی ئیسرائیلەوە، زۆرینەی بەشەکانی کۆمەڵگەکە وێرانکراوە و بووەتە خۆڵەمێش، بەهۆی گەورەیی قەبارەی زیانەکان ئەستەمە لە ماوەیەکی کورتدا بتوانرێت ڕێژەیەکی کەمی خزمەتگوزارییەکان بگەڕێندرێتەوە.

سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژەی داوە، تیمی ئەندازیاری ڕێکخڕاوەکەیان هەڵسەنگاندێک بۆ ئەو بەشانەی باڵەخانەی کۆمەڵگەکە دەکەن بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا لە داهاتوودا دەتوانرێت بە کاربهێنرێت و جێگەی مەترسیی نییە.

تێدرۆس ئەدهانۆم دەڵێ: لە ماوەی ڕابردوودا ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و هاوبەشەکانی، هەوڵی زۆریان دا بۆ ئەوەی ژێرخانی تەندروستیی لە نەخۆشخانەی شیفای ببوژێننەوە، بەڵام بەم وێرانکارییە جارێکی دیکە خەڵکی لە خزمەتگوزاری بێبەش بوونەوە.

هەروەها ڕایگەیاندووە، لەگەڵ تەشەنەکردنی برسێتیی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئەو داواکاریانەی هەیە:

- پاراستنی ئەو ناوەندە تەندروستییانەی کە ماون.

- پاراستنی گیان و ژیانی کارمەندانی تەندروستیی و ڕێکخراوە مرۆییەکان.

- زیادکردنی دەروازەکانی گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ باکووری غەززە.

- ڕێگەدان بە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە بێ ئەوەی ڕێگریی و بەربەستیان لەبەردەم دروست بکرێت.

- ڕاگرتنی شەڕو جێبەجێکردنی ئاگربەست.