بەختیار حاجی: ناوی دەرچووانی بەشە تەندروستی و پزیشکییەکانی هەرێم بۆ دامەزراندن، گەیشتە وەزارەتی تەندروستیی فیدراڵ

بەختیار حاجی، بەڕێوەبەری گشتی لە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا
بەختیار حاجی، بەڕێوەبەری گشتی لە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتیی لە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕایگەیاند، ناوی دوو هەزار و 529 دەرچووی بەشە تەندروستی و پزیشکییەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستانیانیان بە مەبەستی دامەزراندن بۆ وەزارەتی تەندروستی فیدراڵ ناردووە. 

ڕۆژی دووشەممە (8ـی نیسانی 2024) بەختیار حاجی، بەڕێوەبەری گشتیی لە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لیستی ناوی دەرچووانی بەشە تەندروستی و پزیشکییەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستانیان بە مەبەستی دامەزراندن بۆ وەزارەتی تەندروستیی فیدراڵ ناردووە.

لەبارەی ئەو کەسانەی ئەو دامەزراندنە دەیانگرێتەوە، بەختیار حاجی ڕایگەیاند، هەموو ئەو دەرچووانەی بەشە تەندروستی و پزیشکییەکانیان لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی فیدراڵەوە بە فەرمی ناسێندراون و دانیشتووی پارێزگا ڕێکنەخراو لە چوارچێوەی هەرێم، مافی پێشکەشکردنی داواکارییان بۆ دامەزراندن هەیە.

هەروەها بەختیار حاجی ڕایگەیاند، پێشتر زانکۆ و پەیمانگەکان لیستی ناوی دەرچووانی ئەو بەشانەیان ناردووە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێم و تاوەکو 12ـی ئەم مانگەش هەر زانکۆ و پەیمانگەیەک لیستی ناوی دەرچووانی خۆی کە دانیشتووی پارێزگاکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن، دەتوانن ناوەکان بەرزبکەنەوە بۆ ئەوەی بۆ وەزارەتی تەندروستی فیدراڵی ڕەوان بکەن.

ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە لە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ئاماژەی بەوەشکرد، دەرچووانی بەشە تەندروستی و پزیشکییەکانی هەموو زانکۆ و پەیمانگە حکوومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان کە دانیشتووی پارێزگا ڕێکنەخراوەکان لە هەرێمن و لەلایەن کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی فیدراڵەوە بە فەرمی ناسێندراون، لیستی دەرچووانیان ناردووە تەنیا تاوەکو ئێستا زانکۆی تیشکی نێودەوڵەتی لیستی ناوی دەرچووانی نەناردووە.

هاوکات بەختیار حاجی باسی لەوەش کرد، پێشکەش کردنی داواکاریی بۆ دامەزراندن لە ڕێگەی سەکۆیەکی ئەلکیترۆنییەوە دەبێت کە دوای جەژنی ڕەمەزان چاوەڕێ دەکرێت لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی فیدراڵەوە ڕابگەیەندرێت، بەڵام پێش مەرجیان ئەوە بوو کە سەرەتا لیستی ناوی دەرچووانیان بۆ بنێرن.

نووسراوی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بۆ وەزارەتی تەندروستیی فیدراڵ
نووسراوی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بۆ وەزارەتی تەندروستیی فیدراڵ