تەندروستی هەولێر لە شوێنە گەشتیارییەکانیش تیم بڵاو دەکاتەوە

K24 - هەولێر

سامان سەلمان بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فەمانگەی تەندروستیی هەولێر بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، پلانیان بۆ پشووەکانی ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان و دوای پشووەکانی بۆ کاتی گەشت و سەیرانی هاووڵاتییان داناوە.

گوتیشی: بۆ ڕۆژانی جەژن تەواوی بەشەکانی فریاکەوتن و تیمەکانی تەندروستی 24 کاتژمێرە بۆ فریاکەوتنی هاووڵاتییان لە ئامادەکاریدان بۆ پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری تەندروستیی نەخۆش و ڕووداوە نەخوازراوەکان، بۆ دەرەوەی شارەکانیش 14 تیمی هەماهەنگیی فریاکەوتنی 122 لە ئامادە باشیدا دەبن و بە سەر ناوچە گەشتییارییەکان دابەشکرێن.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاشیگەیاند، پلانەکانیان هەر پەیوەست نییە بە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان، بەڵکو دوای پشووەکانی جەژن تیمەکانی فریاکەوتنی تەندروستی لە سەیرانگە و ناوچە گەشتیارییەکان بڵاو دەکرێنەوە کە ئەندامەکانی تیمەکە کەسانی ڕاهێنراون بۆ ئەوەی لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا بتوانن چارەسەری سەرەتایی پێشکەش بکەن.

ئێوارەی دوێنێ لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای ئەوەی نەتوانرا مانگ ببینرێت، ئەمڕۆ سێشەممە کرایە تەواوکاری مانگی ڕەمەزان و سبەی چوارشەممە (10ـی نیسانی 2024) یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزە لە هەرێمی کوردستان.