سامان بەرزنجی: دوای جەژن هەڵمەتی نیشتمانیی کوتان دژی نەخۆشی سورێژە دەست پێدەکات

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێکردنی هەڵمەتی نیشتمانیی کوتان دژی نەخۆشی سورێژەی ڕاگەیاند و داوای لە دایکان و باوکان کرد هاوکاری تیمەکان بکەن بۆ کوتانی منداڵەکانیان.

ڕۆژی سێشەممە (9ـی نیسانی 2024) سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەڵمەتێکی فراوانی نیشتمانیی کوتان دژی نەخۆشی سورێژە بە پێکوتەی دژەڤایرۆسی سورێژەی تێکەڵاو دەست پێدەکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزیری تەندروستیدا هاتووە: سورێژە نەخۆشییەكی ڤایرۆسی گواستراوەیە، وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی گرتنەبەری ڕێوشوێنەكانی پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان و نەوەکانی ئاییندە، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو هەڵمەتەکە دەست پێدەکات.

ئەو هەڵمەتەی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، هەڵمەتێكی گشتگیر و فراوانی سەرتاسەریی لە هەرێمی كوردستان دەبێت و لەنێو باخچەكانی ساوایان و قوتابخانە سەرەتاییەكان دەست پێدەکات بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدراڵ، ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی WHO و ڕێكخراوی یونسێف، هاوکات بەردەوامیش دەبێت لە زیادکردنی هۆشیاری کۆمەڵگا سەبارەت بە کوتانی ڕۆتینی و مەترسییەکانی نەخۆشی سورێژە و هاندانی خێزانەکان بۆ کوتانی منداڵەکانیان و پەیڕەوکردنی کوتانی منداڵەکانیان بەپێی خشتەی بڕیاردراو.

سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوەش کردووە: ئەم هەڵمەتە ماوەی دوو هەفتە لە ڕێگەی سێ هەزار و 280 کارمەندەوە نزیکەی 873 هەزار و 191 منداڵ دەکوترێن.

هەڵمەتەکە لە ڕۆژی (14ـی نیسانی 2024) دەست پێدەکات و ماوەی دوو هەفتە دەخایەنێت کە منداڵانی باخچەی ساوایان و قۆناغی یەكەم تاوەكو قۆناغی شەشەمی بنەڕەتی دەگرێتەوە.

چاوەڕێش دەکرێت هەزار و 94 تیمی تەندروستی کە پێکهاتوون لە سێ هەزار و 280 کارمەند و هەزار و 100 سەرپەرشتیار، 10 هەزار و 916 سەردان بۆ سێ هەزار و 981 قوتابخانە و باخچەی ساوایان بکەن کە هەزار و 100 ئۆتۆمبێلیش ئامادەکراوە بۆ گواستنەوەی تیمەکان.