سامان بەرزنجی: شۆڕشێک لە بواری کواڵێتی دەرماندا کراوە و بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان کاردەکەین

K24 - هەولێر

وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، خۆشبەختانە هەرێمی کوردستان چەندین خزمەتگوزاری لە پسپۆڕییە جیاوازەکان پێشکەشی هاووڵاتیان دەکات، هەم لەبواری خۆپارێزی و هەم لە بواری چارەسەری کە پێشتر لە هەرێمی کوردستان نەبووە.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، خۆشبەختانە هەرێمی کوردستان چەندین خزمەتگوزاری لە پسپۆڕییە جیاوازەکان پێشکەشی هاووڵاتیان دەکات، هەم لەبواری خۆپارێزی و هەم لە بواری چارەسەری.

گوتیشی: چەند ساڵێک بەر لە ئێستا بۆ هەندێک خزمەتگوزاری دەبوایە روو لەدەرەوەی کوردستان بکەین، بەڵام خۆشبەختانە لە ئێستادا بەرەوپێشچوونێکی باش هەیە لە هەموو پسپۆڕییەکانی وەک، نەشتەرگەری و  چارەسەرییەکانی بەشی هەناو و منداڵان و ئافرەتان و چاو، دەشڵێت: ئەو پزیشکانەی خوێندنی باڵایان خوێندووە و پسپۆڕیان وردیان تەواوکردووە، بەشێک لەو پسپۆڕیانە پێشتر لە هەرێمی کوردستاندا نەبوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە بواری ئامێرەکان و جۆری نەشتەرگەرییەکان، کە هەندێک جۆری نەشتەرگەری و ئامێر هەیە پێشتر لێرە نەبووە، بەڵام ئێستا هەرێمی کوردستان خاوەنی ئەو خزمەتگوزارییانەیە، بەبڵگەی ئەوەش زۆرینەی خەڵکی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بۆ نەشتەرگەریە پێشکەوتووەکان ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن.

بەرزنجی جەختیکردەوە، ئامانجی سەرەکی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چاکسازییە، کە کەرتی تەندروستیش بەشێکی لەوە، بۆیە شۆڕشێک لە بواری کواڵێتی دەرماندا کراوە، هەروەها ئێمە دوای ساڵێک لە کارکردنمان دوو ڕێنمایی گرنگمان لەسەر ئەو بابەتە دەرکردووە کە بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانە، ئێستاش لەسەر ئەو ڕێنماییانە کاردەکەین و بەردەوامین.

وەزیری تەندروستی دەشڵێت: یاسایەکی گرنگی سیستەمی تەندروستی هەیە کە پەیوەندی بە هەموو هاووڵاتیان و نیشتمانەوە هەیە، ئەویش یاسای تەندروستی گشتی ژمارە 89ـی ساڵی 1981ـە ، کە تا ئێستاش بەرکارە لە هەرێمی کوردستان، هەروەها کەرتی تەندروستی پەیوەندی بەهەموو هاووڵاتیانەوە هەیە، ئەمانەش بە یاسا ڕێکخراوە.