عهبدوڵڵاهیان: وەڵامی ئێران بۆ هێرشەکەی ئیسرائیل گونجاو و سنووردار دەبێت
K24 - هەولێر:
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا وەزیری دەرەوەی ئێران بە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیای ڕایگەیاند، وەڵامی ئێران بۆ هێرشەکەی ئیسرائیل ''گونجاو'' و ''سنووردار'' دەبێت.
پێگەی ئاکسیۆس ئاماژەی بەوە داوە، ئانالینا بێربووک لەسەر داوای ئەمەریکا پەیوەندیی بە حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیانی وهزیری دهرهوهی ئێرانی کردووە و بۆ ماوەی 90 خولەک هەموو ڕەهەندەکانی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلیان تاووتوێ کردووە.
بێربووک بە عەبدوڵڵاهیانی ڕاگەیاندووە، ئەمەریکا نیگەرانی پەرەسەندنی گرژییهكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و دەبێ ئێران بیر لە لێکەوتەکانی هێرش بۆ سەر خاکی ئیسرائیل بکاتەوە.
هاوکات ئەمیرعەبدوڵڵاهیان جەختی لەوەش کردووەتەوە، ئیسرائیل یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە و هێرشی کردووەتە سەر ناوەندی دیپلۆماتیکی ئێران، بۆیە ئەوانیش وەڵامێکی ''گونجاو'' و ''سنووردار'' بەو هێرشە دەدەنەوە.
پێشتریش دوو بەرپرسی باڵای ئەمهریكا و ئیسرائیل، كە قسەیان بۆ كهناڵی سی بی ئێس نیوزی ئهمهریكی كردبوو، رایانگهیاندبوو، ئێران ئامادەكاری تەواویكردووە و دەیەوێت لە رێگەی زیاتر لە 100 درۆن و دهیان مووشهك هێرش بكاتەسەر ئیسرائیل.
ئێوارەی رۆژی (1ـی نیسانی 2024) فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە دیمەشقی پایتەختی سووریا باڵەخانەیەکی تەنیشت باڵیۆزخانەی ئێرانی کردە ئامانج و لە نێویدا 18 کەس کوژران کە شەشیان فهرمانده و ڕاوێژكاری سەربازی سەر بە سوپای پاسداران بوون و یەکێکیان بەرپرسی فەیلەقی قودسی پاسداران بوو لە سووریا و لوبنان و فەڵەستین.