زانایانی چین.. گۆڕانی کەشوهەوا هۆیەکی جەڵتەی مێشکە

K24 - هەولێر

دوای لێکۆڵینەوەیەک لەسەر پەیوەندی نێوان گۆڕانی کەشوهەوا و جەڵتەی مێشک، زانایانی چینی پشتڕاستیان کردەوە کە پلەی گەرمی زۆر، بووەتە هۆی تووشبوون بە 521 هەزار حاڵەتی جەڵتەی کوشندە.

زانایانی چینی لە زانکۆی شاری چانگشا لە پارێزگای هونان، لێکۆڵینەوەیان لە پەیوەندی نێوان گۆڕانی کەشوهەوا و جەڵتەی مێشک لە سەرانسەری جیهان کردووە.

ئەوان توێژینەوەکەیان لە گۆڤاری زانستی Neuroscience بڵاوکراوەتەوە و تێیدا ڕایانگەیاند، "خوێنبەربوونی مێشک کە بەهۆی پلەی گەرمی زۆرەوە دروست دەبێت، ساڵانە زیاتر لە نیو ملیۆن کەس دەکوژێت".

ئەو توێژینەوەیەی کە لەلایەن زانایانی چینییەوە کراوە، پشت بە تۆمارە پزیشکییەکان دەبەستێت کە لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 200 وڵات زاناکان شیکارییان بۆ ژمارەی مردن بە جەڵتەی مێشک و کەمئەندامبوون کردووە، هەروەها داتاکانیان بەراورد کردووە لەگەڵ پێوەرەکانی کەشوهەوا.

بەپێی توێژینەوەکە، "ساڵانە زیاتر لە 521 هەزار حاڵەتی مردن هەیە، ئەمیش بەهۆی خوێنبەربوونی مێشکەوە کە پەیوەندی بە پلەی گەرماوە هەیە." لێکۆڵینەوەکە ئاماژەی بەوە کردووە "زۆرترین ڕێژەی مردن بەهۆی جەڵتەی مێشک لە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست گەیشتووەتە 18 کەس لە هەر 100 هەزار کەس دا، بەڵام ترسناکترین بارودۆخ لە باکووری مەکەدۆنیایە لە باڵکان و لە هەر 100 هەزار کەسدا 33 حاڵەتی مردن هەیە".

لەلایەکی دیکەوە شارەزایان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی "424 هەزار حاڵەت تێکچوونی توندی سووڕی خوێنی مێشک، بەهۆی سەرماوە بووە نەک گەرما، کە تێیدا خوێنبەرەکانی مرۆڤ تەسک دەبنەوە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی فشار لەسەر مێشک، کە پلەی گەرمی بووەتە هۆی وشکبوونەوەی لەش، ئەمەش ڕۆیشتنی خوێن خاو دەکاتەوە و بەشدارە لە جەڵتەی مێشک."

لای خۆیەوە جەستن هێکستال، پسپۆری پێستی بەریتانی بە ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی ڕاگەیاند، بەرکەوتنی مامناوەند بە تیشکی خۆر یارمەتی دەردانی ئۆکسیدی نیتریک دەدات، کە بۆرییەکانی خوێن فراوان دەکات و پەستانی خوێن دادەبەزێنێت.