ئه‌مه‌ریكا پشتگیریی بۆ ئیسرائیل دووپات كرده‌وه‌

ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل،
ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل،

K24   - هه‌ولێر:

دوای هێرشه‌كانی ئێران بۆسه‌ر ئیسرائیل، واشنتن دووپاتی به‌رگریی له‌ ته‌لئه‌ڤیڤ كرده‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئاژانسی فرانس پرێس، جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ تیمه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌دایه‌ و تاووتوێێ ئاڵۆزییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كات.

له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌دریان واتسۆن گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی ئه‌مه‌ریكا له‌میانی ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، بایدن به‌ ڕوونی پشتگیریی واشنتنی بۆ ته‌لئه‌ڤیڤ دووپات كرده‌وه‌.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ریكا هاوشانی ئیسرائیل ده‌وه‌ستێت و پشتگیریی له‌و وڵاته‌ ده‌كات.

واتسۆن گوتیشی، تیمی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ئیسرائیلییه‌كان و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ په‌یوه‌ندیدان.

درەنگانی شەوی شەممە، 13-04-2024، نزیکەی کاتژمێر 11:00، سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕێگەی دەیان مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد. ئەم هێرشەی تاران لە وەڵامی کوژرانی حەوت ئەندامەکەی سوپای پاسدارانە کە لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کرانە ئامانج.

بە گوێرەی میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران، بەشێکی ئەو مووشەک و درۆنانە لەنێو خاکی عێراق، لوبنان، ئوردن و سووریاوە ئاراستەی ئیسرائیل کراون، بەشێکی دیکەشیان ڕاستەوخۆ لەنێو خاکی ئێرانەوە ئاراستە کراون.

سوپای ئیسرائیل دەستپێکردنی هێرشەکەی ئێرانی پشتڕاستکردەوە

دانیال هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل چەند هێرشێک لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکەی ئێران، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئامادەکاریی تەواویان بۆ هەر هێرشێکی ئێران کردووە و ئاگاداری دەستپێکردنی هێرشەکەن. گوتیشی، هێرشەکە مووشەکیش لەخۆ دەگرێت، نەک تەنها درۆن.

بەرپرسە سەربازییەکانی ئیسرائیل دەڵێن، درۆنەکانی ئێران چەند کاتژمێرێکیان دەوێت تاوەکو دەگەنە نێو خاکی ئیسرائیل؛ "ئەگەر لە ڕێگە نەکەونە خوارەوە، پێشبینی دەکەین دوای کاتژمێر 2:30ـی بەرەبەیان بگەنە ئیسرائیل".

بایدن گەڕایەوە کۆشکی سپی

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە پشووە چەند ڕۆژییەکەی گەڕایەوە و بەپەلە لەبارەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشەکەی ئێران، لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی و وەزیری بەرگریی کۆبووەوە. تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، کۆبوونەوەکەیان بەردەوامە.

بەرپرسانی ئەمەریکا دەستپێکردنی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل پشتڕاست دەکەنەوە و پێشبینی دەکەن، ئێران دەیان مووشەک (مووشەکی جۆری کروز) و زیاتر لە 100 درۆن لە هێرشەکەدا بەکار بهێنێت.

بەرپرسە ئەمنییەکانی ئەمەریکا پێیانوایە هێرشەکەی ئێران چەند کاتژمێرێک دەخایەنێت و چەند پێگەیەک لەنێو خاکی ئیسرائیلدا دەکرێنە ئامانج.

بەهۆی هێرشەکە ئاسمانی چەند وڵاتێک داخرا

بەهۆی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل؛ هەر یەکە لە عێراق، ئوردن، سووریا و لوبنان بەشێوەیەکی کاتی، ئاسمانیان بە تەواوەتی بەڕووی هاتووچۆی فڕۆکەوانیدا داخستووە، ئەمەش وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی.