بازاڕی خواردنەوە وزەبەخشەکان لە گەشەسەندن دایە

خواردنەوەیەکی وزەبەخش
خواردنەوەیەکی وزەبەخش

K24 - هەولێر

بازاڕی خواردنەوە وزەبەخشەکان یان ئەو خواردنەوانەی کە بانگەشەیان بۆ دەکرێت گوایە سوودی دەروونی یان جەستەییان هەیە؛ لە سەرانسەری جیهاندا لە گەشەسەندن دایە.

سەدان کۆمپانیا هاتوونەتە نێو ئەم بازاڕە نوێیە بەو هیوایەی کە بەشێک بن لەو بازاڕە و قازانجی خۆیانیش مسۆگەر بکەن.
لەنێو پێکهاتەی ئەم خواردنەوانەشدا کۆمەلێک ماددەی جیاواز هەن. لێرەدا هەندێک لە نوێترین لەو خواردنەوە و پێکهاتە وزەبەخشەکانیان دەکۆلینەوە کە ئاخۆ زانایان لەبارەیانەوە چیمان پێمان دەلێن.

ئەداپتۆجینەکان (Adaptogens)

— ئەوانە چین؟ ئەو ڕووەک و قارچکانەی کە ڕەنگە یارمەتی جەستەت بدەن بۆ وەڵامدانەوەی فشار و دڵەڕاوکێ و ماندوێتی یان هەستکردن بەوەی کە تاقەت و خووی مرۆڤ چاک بکاتەوە. نموونەی ئەمانە بریتین لە ڕووەکی جینسێنگی ئەمریکی و ئاسیایی (گیایەک)، ئەشواگاندا (دارۆچکەی هەمیشە سەوز)، ئێلێوتێرۆ (دارۆچکەیەکی دیکە)، ڕۆدیۆلا ڕۆسیا (ڕووەکێکی گوڵدار) و چاگا (قارچکێک).

— زانست چی دەڵێت؟ کلینیکی کلیڤلاند دەڵێت، ماددە ئەداپتۆجینەکان بە دەستپێکردنی کارلێکی کیمیایی ناسراون کە دەتوانێت جەستە بگەڕێنێتەوە بۆ دۆخێکی هاوسەنگتر. کاریگەرییە لاوەکییەکانی ئەداپتۆجینەکان دەگمەنن، بەڵام بەندە بە جۆری ڕووەکەکەوە. توێژینەوەکان دەریدەخەن کە ماددە ئەداپتۆجینەکان بۆ ماوەیەکی کورت (کەمتر لە شەش مانگ) زیاتر کاریگەرن چونکە جەستە دەتوانێت بەرگرییەکیان بۆ دروست بکات، ئەمەش وا دەکات بە تێپەڕبوونی کات بێکاریگەر بن.

 

خواردنەوەیەکی وزەبەخش
خواردنەوەیەکی وزەبەخش

 

نووترۆپیکس

— ئەوانە چین؟ نووترۆپیکسەکان بە "دەرمانە زیرەکەکان" ناسراون، نووترۆپیک ئەو ماددانەن کە دەتوانن بیرکردنەوە و فێربوون و بیرەوەریی مرۆڤ باشتر بکەن. لەنێو باوترین ماددە نووترۆپیکەکاندا بریتین لە کافاین، L-theanine (ترشە ئەمینییەک کە لە چادا هەیە)، کریاتین (ترشێکی ئەمینییە کە بە شێوەیەکی سروشتی لە گۆشت و ماسیدا هەیە)، Bacopa monnieri (گیایەک)، Gingko biloba (دارێک) و ڕیشاڵی شێر ( قارچکێک). هەروەها ڕەنگە هەندێک لە ئەداپتۆجینەکان تایبەتمەندی نووتڕۆپیکیان هەبێت، وەکو ئەشواگاندا.

— زانست چی دەڵێت؟ لە توێژینەوەیەکدا ساڵی ڕابردوو لە گۆڤاری Plants، توێژەران ڕایانگەیاندووە کە زۆربەی دەرمانە نووتڕۆپیکەکانی ڕووەکی دەستبەجێ دوای یەک ژەم کاریگەر نین و دەبێت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بخورێن پێش ئەوەی هەر باشتربوونێکی پێوانەکراو ڕوو بدات. توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، یەکێک لە کێشەکانی توێژینەوە لەسەر ئەم ماددە سروشتیانە ستانداردکردنی فۆرم و ژەمە دەرمانییەکان بووە. کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەگمەنن و بەزۆری سووکن، بەڵام بەکارهێنەران پێویستە تەندروستی گشتیی خۆیان لەبەرچاو بگرن و ئاگاداربن لەوەی کە دەرمانی نووتڕۆپیک دەتوانێت کاریگەری لەسەر هەر دەرمانێکی تر هەبێت پێش خواردنی.

پرۆبایۆتیک و پریبایۆتیک

— ئەوانە چین؟ پرۆبایۆتیکەکان بریتین لەو خۆراکانە یان تەواوکەرە خۆراکیانەی کە وردە زیندەوەری زیندوویان تێدایە کە مەبەست لێیان پاراستن یان باشترکردنی بەکتریا "باشە"کانی ناو ڕیخۆڵەی مرۆڤ یان بەشەکانی تری جەستەیە. بە شێوەیەکی سروشتی لە خۆراکە چەورکراوەکانی وەک ماست، کەفیر، پەنیر، کۆمبوچا و ساوەرکراوتدا دەبینرێن. پریبایۆتیکەکان خۆراکن بۆ بەکتریا و زیندەوەرانی تر کە لە ڕیخۆڵەدا دەژین. پریبایۆتیکەکان دەتوانرێت لە دانەوێڵەی سۆس‌دار، مۆز، سەوزە، پیاز، سیر، سۆیا و ئارتیشۆکدا بدۆزرێتەوە.

— زانست چی دەڵێت؟ کلینیکی کلیڤلاند دەڵێت، پرۆبایۆتیکەکان، لەڕووی تیۆریەوە، شانبەشانی میکرۆبە سودبەخشەکانی ناو جەستەی مرۆڤ کاردەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەکتریا زیانبەخشەکان، قارچک، ڤایرۆس و مشەخۆرەکان. توێژەران دەزانن کە مایکرۆبایۆمە ناتەندروستەکان دەتوانن بەشداربن لە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەکو سەندرۆمی ڕیخۆڵەی ناسک. هەروەها لەوانەیە کاریگەرییان لەسەر باری دەروونی و بەرگەگرتنی ئازار و ماندوێتی هەبێت. کلینیکی کلیڤلاند و کلینیکی مایۆ دەڵێن لێکۆڵینەوەیەکی زۆر چالاک هەیە لەسەر مایکرۆبایۆم و کاریگەرییەکانی پرۆبایۆتیک و پریبایۆتیکەکان، بەڵام بەڵگەی پێویست نییە بۆ ئەوەی دەرەنجامێکی تۆکمە سەبارەت بە کاریگەرییەکانیان دەربکەون. کاریگەری لاوەکی دەگمەنە جگە لەو کەسانەی کە سیستەمی بەرگرییان لاوازە، کە ڕەنگە جەستەیان نەتوانێت بەرەنگاریی پرۆبایۆتیکێک بێتەوە کە بەبێ ئاگاداری میکرۆبی زیانبەخشی تێدایە.

 

خواردنەوەیەکی وزەبەخش
خواردنەوەیەکی وزەبەخش

 

پێکهاتەی CBD

— ئەمە چیە؟ CBD، یان کانابیدیۆل، پێکهاتەیەکی چالاکە لەنێو حەشیش. لە کاتێکدا یەکێکە لە سەدان پێکهاتەی ناو ماریجوانا، CBD بە خۆی نابێتە هۆی هۆشبەریی. CBD بۆ چارەکردنی نەخۆشیی سەرئێشە بەکارهاتووە و هەروەها ڕەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ، کەمخەوی، ئازاری درێژخایەن و تەنانەت ئالوودەبوون بە ماددەکانی هۆشبەر. کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەتوانن بریتی بن لە سکچوون، ماندوێتی و توڕەبوون.

— زانست چی دەڵێت؟ لە وتارێکدا کە لە مانگی نیساندا بڵاوکراوەتەوە، قوتابخانەی پزیشکی هارڤارد ڕایگەیاندووە، پێدەچێت CBD بژاردەیەکی یارمەتیدەر بێت و تاڕادەیەک ژەهراوی نەبێت بۆ بەڕێوەبردنی دڵەڕاوکێ و کێشەکانی دیکە. بەڵام ئاماژەی بەوەش کردووە، پێویستە لێکۆڵینەوەی زیاتر بکرێت بۆ دیاریکردنی ژەمە کاریگەرەکانی ئەم ماددەیە.