بە فەرمی ئاكرێ بووە پاڵەوانی خولی نایابی كوردستان

ئاكرێ بووە پاڵەوانی خولی نایابی كوردستان بۆ وەرزی 2023 ـ 2024
ئاكرێ بووە پاڵەوانی خولی نایابی كوردستان بۆ وەرزی 2023 ـ 2024

ئاکرێ دوای ئەوەی گەڕی رابردوو بێئومێد بوو و نەیتوانی لە یاریگای خۆی ناسناوی خولی نایابی کوردستان مسۆگەر بکات، ئەمجارەیان لە کۆتا گەڕ بووە میوانی چوارقوڕنە و یارییەکەش بە یەکسانبوون کۆتایی هات، بەم ئەنجامەش ئاکرێ بۆ جاری یەکەم بووە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان.

ئەمڕۆ دووشەممە، 15 نیسانی 2024، ئاکرێ پایتەختی نەورۆز مێژوویەکی پرشنگداری نوسیەوە و بۆ جاری یەکەم لە مێژوودا بووە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان.

یانەکەی پایتەختی نەورۆز نەیتوانی گەڕێک پێشکۆتایی هاتنی خولی نایابی کوردستان ناسناوی ئەم وەرزە یەکلایی بکاتەوە، بەڵام ساتە مێژووییەكەیان هەڵگرت بۆ نێو یاریگەی چوارقوڕنە، دوای ئەوەی سەدان کیلۆمەتر دوور لە شارەکەیان ئاهەنگی سەرکەوتن و فرمێسکی خۆشیان لە نێو دەڤەری ڕاپەڕین رشت.

ئاکرێ و چوارقوڕنە لە کۆتا گەڕی خولی نایابی کوردستان، بە ئامادەبوونی هەزاران هاندەر کە لە ئاکرێوە گەشتی چوارقوڕنەیان کرد رووبەڕووی یەکتری بونەوە.

ئەو هەموو هاندەرەی ئاکرێ چاوێکیان لەسەر یاریگای چواقوڕنە بوو، چاوێکیشیان لەسەر یاریگای کەلار یاریی نێوان شێروانە و پێشمەرگەی هەولێر بوو، لەبەر ئەوەی بە بردنەوەی یەکێک لەو دوو یانەیە، ئەوکات ناسناوەکەیان لە چنگ دەردەچوو.

پێشکۆتایی هاتنی یارییەکەی ئاکرێ و چوارقوڕنە، هەواڵێکی خۆش گەیشتە ئاکرەییەکان، ئەویش یەکسانبوونەکەی شێروانە و پێشمەرگەی هەولێر بوو، هەر بەم هۆیەوە هاندەران و راهێنەرانی ئاکرێ، پێشکۆتایی هاتنی یارییەکەیان ئاهەنگی سەرکەوتنیان گێڕا.

یارییەکە کۆتایی هات و ئاکرێ بە کۆکردنەوەی 50 خاڵ، بۆ جاری یەکەم لە مێژوودا بووە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان و هاندەرانی ئەو یانەیەش لە خۆشی بەدەستهێنانی ناسناوەکە، چەند کاتژمێرێک لەناو یاریگا مانەوە و ئاهەنگی سەرکەوتنیان گێڕا.

.
.