ئەندامییەتیی فەڵەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەخرێتە دەنگدان

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان

K24 – هەولێر

بڕیارە پرۆژەی بە ئەندام بوونی فەڵەستین لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرووەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بخرێتە دەنگدان، ئەگەر ئەندامانی هەمیشەیی ڤیتۆی نەکەن و دەنگی زۆرینە بێنێت، ئەوە پرۆژەکەی جەزائیر سەردەگرێت.

ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری سەرچاوەیەکی دیبلۆماسی بڵاوی کردووەتەوە، لەسەر داواکاریی فەڵەستین بڕیارە سبەی پێنجشەممە 18ی نیسانی 2024 پرۆژەکەی جەزائیر بخرێتە دەنگدان.

لەلایەن خۆیەوە، ڕیاز مەنسوور نێردەی فەڵەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامی کۆمەڵێک وڵاتی عەرەبیی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکانی بڵاوکردووەتەوە و داوا لە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکەن، دەنگ بەو پرۆژەیەی جەزائیر بدەن کە بە ناوی کۆمەڵەی عەرەبی پێشکەشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە بۆ ئەوەی ئەندامێتی فەڵەستین قبووڵ بکرێت.

داواشیان لە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش کردووە، گرفت لە بەردەم بە ئەندام بوونی فەڵەستین دروست نەکەن و ئەندامێتییەکەی قبووڵ بکەن.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی دەسەڵاتی فەڵەستین، لە کۆی 193 وڵاتی ئەندام لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تا وەکوو ئیستا 137 دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستینی داناوە، بەڵام پەسەندکردنی هەر ئەندامێکی نوێ لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستی بە دەنگی بەڵێی دوو لە سەر سێی کۆمەڵەی گشتی هەیە، ئەویش داوای ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕاسپاردەی ئەندامێتییەکە پەسەند بکات، بەڵام بەو مەرجەی هیچ یەکێک لە ئەندامە هەمیشەییەکانی ئەنجوومەنەکەن (ئەمەریکا، ڕووسیا، چین، فەرەنسا و بەریتانیا) ڤیتۆی پرۆژەکە نەکەن.

لە ئەیلوولی 2011، مەحموود عەباس سەرۆکی دەستەڵاتی فەڵەستین داوای بە ئەندامبوونی فەڵەستینی پێشکەش بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، بەڵام ڕێکخراوەکە لە تشرینی دووەمی 2012 فەڵەستینی وەک چاودێر قبووڵ کرد، نەک وڵاتێکی ئەندام.